کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ لەسەدا ٧٠ی کرێکاران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

20:15 - 27 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لەسەدا ٧٠ی کرێکارانی ئیران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەوتەی بەرپرسێکی پلەبەرزی رێژیمی ئێران زۆربەری ئەو کرێکارانە توانای کڕینی شتومەکی ئاساییان نییە و وەکوو ئامێری لووکس دەڕواننە ئەو کاڵایانە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی رێژیم رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسێکی پایەبەرزی رێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا رایگەیاند کە لەسەدا ٧٠ی کرێکارانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە سەدا ٥٠ی مووچەی کرێکاران بۆ خانوو و بێهداشت خەرج دەکرێت.

چالاکانی کرێکاری چەندین جار رایانگەیاندووە کە مووچەی کرێکاران لەژێر هێڵی هەژاری دایە و مانگی گەلاوێژی ئەمسال سەرۆکی فراکسیۆنی کرێکاری مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو کە لەسەدا ٩٠ی کۆمەڵەی کرێکاریی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لەسەدا ١٠ش لەگەڵ هێڵی هەژاری مەودایەکی زۆریان نییە.

ئەو بەرپرسەی رێژیم لە وتووێژەکەیدا رایگەیاندووە کە بە سەرنجدان بە ئەوەیکە ئاستی کڕینی کرێکاران لەسەدا ٧٣ دابەزیوە چاوەڕوان دەکرێت مووچە ئەمساڵی کرێکاران بەپێی تێبینیی ماددەی ٤١ی یاسای کار جێبەجێ بکرێت.

لە ماددەی ٤١ی یاسای کاری رێژیمی ئێراندا، رێژیم ئەم ئەرکانەی لە ئەستۆیە: دەستەبەر کردنی رێژەی لانیکەمی مووچەی کرێکاران بەپیی گۆڕان و ئاستی مووچە بەپێی دۆخ و پێوەرەکانی وەک هەڵاوسانی ئابووری کە لەلایەن رێژیم رادەگەیەندرێت، دابینکردنی لانیکەمی بژیوی ئەندامی بنەماڵەیەک کە ژمارەی نێونجی ئەندامانی ئەوان لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکان رادەگەیەندرێت و بە پێی بارودۆخی ئابووری وڵات جێبەجێ دەکرێت کە بەپێی تێبینی ٢ی یاسای کاری رێژیم لانیکەمی مووچەی کرێکاران بە بەڵێنی کاتی کار هەتا لەسەدا ١٠ زیاتر لە لانیکەمی مووچەی ئەو کرێکارانەی بەڵێن نامەی دایمیان هەیە حیساب دەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مووچەی مانگانەی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، نزیک بە ٦٠٨ هەزار تمەن دیاریکراوە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە ناوەندی ئاماری ئێران تێچووی بنەماڵەیەکی نزیک بە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەن و کۆمیتەی مووچەی ناوەندی شۆرای ئیسلامیی کار، تێچووی بنەماڵەیەکی چوار کەسی نزیک بە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن راگەیاندبوو.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا لە سەدا ١٠ی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە رێژیمی ئێران ئاماری جۆراوجۆر و ناتەبا لە هەژاری خەڵکی ئێراندا بڵاو دەکاتەوە و راوێژکاری وەزیری تەعاون، کار و ریفاهی ئیجتماعی رێژیم بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئاماری لە سەدا ١٠ی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێراندا بڵاو دەبێتەوە کە پووشپەڕی ئەمساڵ وەزارتی ئابووری رێژیمی بڵاوی کردبووەوە کە توانای ئابووری بنەماڵەکانی ئێران لە سەدا ٢٥ دابەزیوە و هەنووکە لە سەدا ٣١ی بنەماڵەکانی ئێرانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ناوەندی ئاماری رێژیم لە ئامارێکی دیکەدا بڵاوی کردەوە کە ٤٧ میلیۆن کەس لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و کارناسان هێڵی هەژارییان زیاتر لە ٧٨٠ هەزار تمەن بەراورد کردووە کە بەپێی ئەو ئامارە هەر بنەماڵەیەکی ٦ کەسی لە ٧٨٠ هەزار تمەن داهاتی کەمتر بێت لە ژێر هێڵی هەژاری دایە.

هەروەها سەرۆکی ناوەندی ئاماری رێژیم رایگەیاندووە کە ٤٧ میلیۆن حەشیمەتی ئێرانی داهاتی رۆژانەیان کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەنە و داهاتی بنەماڵەیەکی ٦ کەسی لە خووشەی یەک کەمتر لە ٤٧٣ هەزار تمەنە کە بەپێی ئەو ئامارە نزیک بە ٣٠ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئەو بنەماڵەنەی داهاتیان لە نێوان ٤٠٠ هەتا ٧٠٠ هەزار تمەنە، ١٧ میلیۆن کەس لەخۆ دەگرن.
بەپێی ئەو ئامارە رۆژانە ٣٠ میلیۆن کەس کەمتر لە ٢ هەزار و ٦٠٠ تمەنە و داهاتی رۆژانەی ١٧ میلیۆن کەسی دیکەش کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەنە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ٤٧ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار ئێرانی رۆژانە کەمتر لە ٤ هەزار و ٣٠٠ تمەن داهاتیان هەیە.
ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ناوەندی ئامارەوە بلاو کراونەتەوە دەرخەری بێکاریی ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتین.
جێگری وەزارەتی کار رایگەیاندووە کە لە سەدا ٣١ی لە بێکارەکانی ئێران، واتە لانیکەم ٧٧٥ هەزار کەس، خوێندن لە زانکۆیان تەواو کردووە.
بێکار بوونی ٧٧٥ هەزار کەسی دەرچوو لە زانکۆ لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی رێژیمی ئێڕان، لە داهاتوویەکی نزیکدا ٥ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی دیکە خوێندن تەواو دەکەن و دەڕۆنە نێو بازاڕی کارەوە.

بە هۆی گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکان نرخی کەلوپەلی پێویستی بنەماڵە بەردەوام رووی لە هەڵکشان دایە و خەڵک توانای دابینکردنی لانیکەمی ژیانی خۆیان بە سەختی هەیە و رۆژبەرۆژ خەڵکی ئێران زیاتر دەچنە ژێر هێڵی هەژاری و هەروەها داخرانی کارگە پیشەییەکان، کارخانە و دەکردنی کرێکاران لەسەر کارەکانیان زیاتر پەرە دەستێنێت و رێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشانە ناداتەوە.

بە داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دژی رێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو ولاتە گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان، بلوکە کرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و رەوتی هەڵکشانی لە رادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.
رایەدارانی رێژیمی ئێران وەک خامنەیی و رۆحانی بەردەوام بە پێداگری لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو رێژیمە لەسەر بەربامەی ناوکی، گەمارۆکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

گادەر. د