کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ گەورەترین زیندانی بۆ چالاکانی بواری ڕۆژنامەوانی

14:24 - 27 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین زیندانە بۆ چالاکانی ڕاگەیەنکارانی ژن و پیاو کە ئیستا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی دان و لە ١ هەتا ١٢ ساڵ زیندانیان بۆ بڕدراوەتەوە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی هەتاویەوە، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی لە هەمبەر ئەو ژنانەی لە بواری ڕاگەیاندنەوە لەو وڵاتە کار دەکەن دەربڕی و ئێرانی بە گەورەترین زیندانی جیهان بۆ چالاکانی بواری ڕاگەیەنەکارانی ژن زانی.

ئەو بەیاننامە کە لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمە بڵاوبووتەوە، پەڕژاوەتەوە سەر دواین باردۆخی ژنان بە تایبەتی دۆخی ئافەرین چیت ساز ڕژۆنامەوانی زیندانی کە لە ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ هەتاویەوە لەگەڵ سێ ڕۆژنامەوانی دیکە دەستبەسەر کراوە بۆ بەندی دووی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراون.

هەواڵنێرانی بێسنوور هەروەها باس لە چوار ژنی ڕۆژنامەوان بە ناوەکانی ڕەیحانە تەباتەبایی، ڕووئیا سابیری نێژاد نەوبەخت، نێرگس محەممەدی و ئاتنا فەرقدانی دەکات کە هەر کامیان ١ هەتا ١٢ ساڵ زیندانیان بۆ بڕدراوەتەوە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور هەروەها باس لە بارودۆخی عیسا سەحر خیز، ئیحسان مازندەرانی و سامان سەفەرزایی سێ ڕۆژنامەوانی دیکە دەکات کە بە تۆمەتی هاوکاری چالاکانی پڕوپاگەندە دژی نیزام و هەواڵدان لە دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای کۆبوونەوە و تەبانی و بێڕێزی بە دژی بەرپرسانی ڕێژیم لە زیندان دان نیگەرانی دەربڕێوە.

ڕەزا موعینی، بەرپرسی دەفتەری ئێران و ئەفغانستان هەواڵنێرانی بێسنوور سەبارەت بە بێدەنگی حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ئیڕان وتی، بێدەنگی ناوبراو ڕێگای ئاسانتر کردووە بۆ سەرکوت و دەستبەسەر کردنی رۆژنامەوانان لە ئێران.

لە حاڵی حازر ٣٦ ڕۆژنامەوانی زیندانی لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دان و لە پلە بەندی جیهانی ئازادی ڕاگەیەنەکان لە ساڵی ٢٠١٥، لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا، ئیران پلەی ١٧٣هەمینی هەیە.

بەندی دووی ئەلفی زیندانی ئیڤین تایبەتە بە ڕۆژنامەوانانی زیندان کە لە دەست سپای پاسداران دایە.