کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەد رۆیس: رێژیمی ئێران لە هەوڵی بەبڕشت کردنی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە دایە

21:05 - 19 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی لە وڵاتی یەمەن مەترسیدار وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەڵوەشانەوەی پارلەمانی یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە بە پاڵپشتیی رێژیمی ئێران، کاردانەوەی ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە.

ماڵپەڕی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرە ــ واشینگتۆن دی سی رایگەیاند: ئەد رۆیس، نوێنەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرە و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای یەمەن و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە بڵاو کردووەتەوە.

ئەد رۆیس لە راگەیەندراوی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتی یەمەن لەلایەن میلیشا حوسییەکانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئێران، جووڵەیەکی مەترسیدارە دژی تەناهیی نەتەوەیی ئێمە.

سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەران لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیانییەدا رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە هەوڵی بەهێزکردنی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە دایە، لێرەدا پێویستە دەوڵەتی ئامریکا رۆڵی روخێنەری رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کە بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون دایە؛ کۆنتڕۆڵ بکات.

ولاتانی عەرەبی و ئەندامانی شۆرای هاوکاریی کەنداوی فارسیش لە پشتیوانییەکانی رێژیمی ئێران لە حووسییەکان و دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

توندئاژۆ شیعەکانی یەمەن لە درێژەی رەوتی بە دەسەڵات گەیشتن لە ماوەی ئەم مانگانەی کۆتاییدا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی بە هەڵوەشاندنەوەی پارلەمانی یەمەن، بۆ بەڕێوەبردنی یەمەن، شۆرایەکی هاوبەشیان پێکهێنا و هەندێک لە فەرماندەرانی سپای پاسدارانیش سەبارەت بەو پرسە خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە.

پێستریش، سەرکۆماری یەمەن سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ریژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتی یەمەن هۆشداری دابوو و ئەو رێژیمەیان بە پشتیوانی ماددی و چەکوچۆڵ لە حووسییەکانی یەمەن مەحکووم کردبوو.

ئاویەر. ت