کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشتاینیتز: رێکەوتنی ناوکی ژنێڤ لەگەڵ ئێران، هەڵە بوو

19:09 - 18 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل، رێکەوتنی کاتیی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێرانی وەک هەڵەیەک ناو کرد.

بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا، یووال ئیشتاینیتز، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لە پەیوەندی لەگەڵ رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران، رێکەوتنی کاتیی ژنێڤ لە سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، هەڵەیەکی گەورە راگەیاندووە.

ئیشتاینیتز رایگەیاندووە کە گرووپی ١+٥ هەر لە کاتی یەکەمین رێکەوتنی ناوکی ژنێڤ لەگەڵ ئێران لە سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، تووشی هەڵە بوو و جەختی کردووە: رێژیمی ئیسلامیی ئێران نابێت تەنانەت بەرنامەیەکی چوارچێوەداریشی لە بواری ناوکی ببێت.

وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە راگرتنی هەزاران سانتریفیووژ لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ ئیسرائیل قەبووڵ ناکرێت و رایگەیاند کە بەم شێوە رێژیمی ئێران بەردەوام لە نیکیی بە دەست هێنانی چەکی ناوکی دەمێنێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، چەند رۆژ پێشتریش، ئەشتۆن کارتێر، پاڵێوراوی ئوباما بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، رایگەیاندووە کە هەڵویستی نیزامی دژی رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتن ئەو رێژیمە بە چەکی ئەتۆمی، دەبێت بەشی سەرەکی لە ستراتیژی ئامریکا لە بەرانبەر بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێراندا بێت.

ئیسرائیلیش داوای لابردنی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێرانی کردووە و زۆر جار جەختی کردووە کە هەڵویستی نیزامی دژی رێژیمی ئێران لە پێناو پێشگیریی دەستپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە چەکی ناوکی، کەڵک وەرگیتردرێت.

ئاویەر.ت