کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلقاعیدە: داعش لەگەڵ ئێران هاوپەیمانی هەیە

19:54 - 16 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: گرووپی ئیسلامگەرای ئەلقاعیدە لە نامەیەکەدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش هاوپەیمانیی هەیە.

بەپێێ ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرووپی ئەلقاعیدە لە نامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە گرووپی تیرۆریستیی داعش هێرش ناکاتە سەر ئێران و ئەو گرووپە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوپەیمانیەتی هەیە و هیچ مەترسییەکی بۆ ئەو ڕێژیمە نیە.

لەو بارەیەوە، وتەبێژی گرووپی داعش محەممەد ئەلعەدنانی بانگشەی کردووە: ئەلقاعیدە لەو نامەیەدا ئامانج لە دوورکەوتنەوەی هێرشی داعش بۆ سەر ئێرانی بۆ پاراستنی هێڵە بەرگرییەکانی ئەلقاعیدە ڕاگەیاندووە کە ئێران بە گەرەنتی کردنی ئەم هێڵە بەرگریانە لەهەمبەر ئەلقاعیدە پابەندە.

هەروەها سەڵمان ئەلئەنساری شرۆڤەکاری بەناوبانگی سعوودی، باسی لەوە کردووە کە داعش لەگەل ئێران هاوپەیمانییەتی هەیە و بۆیە هێرشی تیرۆریستی ناکاتە سەر ئێران.

پێشتریش ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئێران لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش هاوکاری دەکات.

هەروەها، ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لەگەڵ تاڵبانی ئەفغانستان هاوکاری دەکات و ئەوە لەکاتیكدایە کە ڕێژیمی ئێران سەردەمانێک ڕێکخراوی تاڵبانی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر خاکی خۆی وەسف دەکرد.

عەبدوڵڵا یەکێک لە فەرماندەرانی ڕێکخراوی تاڵبان، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵدا ڕایگەیاندکە؛ مانگانە ٥٨٠ دۆلار لە ئێران وەردەگرێت و ئەو ڕێژیمە هەموو چەک‌وچۆڵێکی بۆ دابین دەکات.