کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەلێنی نێوان توێژەكانی كۆمەڵگای ئێران قوڵتر بووەتەوە

15:11 - 25 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: نێونجی تێچوی خواردن و خواردنەوەكان لە نێو بنەماڵە دەوڵەمەندەكانی ئێراندا ٨.٨ قات زیاتر لە توێژە كەم داهاتەكانە.

خبرانلاین لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان نێونجی تێچوی خواردەمەنییەكان لە نێو بنەماڵەیەكی شارنشینی ئێرانی زیاتر لە ٨ میلیۆن تمەنە، ئەمەش لەحاڵێكدایە كە بنەماڵە كەم داهات و هەژارەكان به‌ زۆر دەتوانن ٢ میلیۆن تمەن بۆ كڕینی خواردن دابین بكەن.

لە نوێترین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەكاندا بانكی ناوەندیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: ئەم نرخە بۆ بنەماڵە دەوڵەمەندەكان بریتییە لە ١٨ میلیۆن تمەن كە بە بەراورد لەگەڵ توێژە كەم داهاتەكان دەریدەخات كەلێنێكی گەورە لە نێوان ئەم دوو توێژەدا بوونی هەیە.

ئابووریناسانی سەربەخۆ پێیان وایە ئەم ئامارانە زۆر كەمتر لە ڕاستیەكانی نێو كۆمەڵگای ئێرانن و ئامارەكان زۆر لەوە زیاترن. بەچەشنێك كە هەنووكە توێژێك بە ناوی توێژی مام ناوەند لە ئێراندا بوونی نەماوە و ئەوەیكە هەیە یان دەوڵەمەندە یان هەژار كە ئەمەش ئاكامی سیاسەتە هەڵە ئابوورییەكانی دەوڵەتی ئێستا و دەوڵەتەكانی پێشوتری حاكم بەسەر ئێرانە.