کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری حەزفی یارانەی ٢٤ میلیۆن ئێرانی لە ئارا دایە

20:58 - 27 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە لە ساڵی داهاتوودا یارانەی ٢٤ میلیۆن ئێرانی حەزف بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مەجلیسی ڕێژیم لە هەوڵی ئەوە دایە کە بۆ ساڵی داهاتوو یارانەی ٢٤ میلیۆن هاووڵاتیی ببڕێت.

لەو پێوەندییەدا، محەممەدڕەزا پوور ئیبڕاهیمی وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەلفیقی بووجەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە، کۆمیسۆنی تەلفیقی بوودجە لە دوایین دانیشتنی خۆیدا دەوڵەتی ئەرکدار کردووە کە یارانەی سێ دەهەکی پڕ داهات ببڕێت.

لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەری و بەرنامەداڕێژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبین لە حەزف و نەدانی یارانەکان.

ماوەی ٥ ساڵە یاسای ئامانجدارکردنی یارانەکان لە ئێراندا، وەک بەرپرسانی حکوومەتی دەڵێن، بە مەبەستی نەهێشتنی کەلێن و مەودای چینایەتی، کاری پێدەکرێ، بەڵام محەمەدباقر نەوبەخت یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، دانی بەوەدا ناوە کە نەتەنیا ئەم ئامانجە نەهاتۆتە دی، بەڵکوو ئەم کەلێن و بۆشاییە زیاتریش بووە.

ناڵەباریی دۆخی ئابووریی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسانی ئابووری و لە ئەنجامدا کورتهێنانی بوودجەی لێکەوتووەیەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی ناچار بە وەڕێخستنی پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی خەڵکی لەو یارانەکان کردووە.

کارناسانی کاروباری ئابووریی ئێران پێیان وایە ئەم چەشنە لێدوانانە تەنیا بۆ ئەوەیە کە باری دەروونی و ڕەوانیی کۆمەڵگای ئێران لەوە زیاتر تێک نەچێت، دەنا هەوڵێکی سیستماتیک و چڕ لەگۆڕێدایە تاکوو یاسای ئامانجدارکردنی یارانەکان تەنیا لەسەر کاغەزدا بمێنێتەوە.