کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تەڵاق لە پارێزگای ئیلام لە رێژەی نێونجیی ئێران بەرزترە

14:06 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئاماری تەڵاقی پارێزگای ئیلام لە رێژەی نێونجی ئێران زیاترە و زۆربەی رووداوەکانی تەڵاق لە ماوەی ٤ ساڵی سەرەتای ژیانی هاوبەشدا رووی داوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسێتی پارێزگای ئیلام، ئاماری تەڵاق لەو پارێزگایە لە ماوەی ٤ ساڵی سەرەتای ژیانی هاوبەشدا لە رێژەی نێونجیی ئێران زیاترە.
بەپێی راپۆرتەکان، پارێزگای ئیلام پلەی ٢٨ی لە بواری تەڵاق لە ئێراندا هەیە کە لە سەدا ٦٠ی رووداوەکانی تەڵاقی ئەو پارێزگایە لە ٤ ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشی خێزاندا رووی داوە.
ئاماری تەڵاق لەو پاریزگایە بە بەراورد لەگەڵ کۆی گشتیی رێژەی تەڵاق لە وڵاتی ئێراندا لە سەدا ٥٠یە کە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئاماری تەڵاق لە پاریزگای ئیلام لە رێژەی نێونجیی ئێران زیاترە.
هەر لەو پەیوەندییەدا لە پاریزگای ئورمیە بە گوێرەی ئامارەکانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتی رێژیمی ئێران، لە ماوەی ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٢ هەزار و ١٣٧ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە بە پێی ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لە سەدا ٧ دابەزیوە.

هر لەو ماوەیەدا ٣ هەزار و ٩٣٩ حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لە سەدا ١٤ بەرز بووەتەوە.

ئاماری تەڵاق لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە نیسبەت بە ماوەی وێکچووی ساڵی پێش، لە سەدا ٤٠ بەرز بووەتەوە.

کارناسانی کاروباری رێکخستنی بنەماڵە لەو باوەڕدان کە بێکاری، نەبوونی داهاتی باش و گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەرز بوونەوەی تەڵاق لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.