کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خەریکە شکستێکی دیکە ئەزموون دەکا/ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە

13:29 - 15 پووشپەڕ 2724

 ئەمڕۆ هەینی، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣، خولی دووهەمی چواردەیەمین شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم دەستی پێ کرد.

خەڵکانی ئێران بە گشتی و بەتایبەتیش خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی دیکە بە بایکۆتی ئەم شانۆیە و بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پەیامی نەویستنیان بە کۆماری ئیسلامی دا.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیم بە لاوازکردنی هێڵی ئینتێرنێت لە هەوڵدایە پێش بە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی بنکە چۆڵەکانی دەنگدان بگرێ، بەڵام وێنە و ڤیدیۆکان نیشانی دەدەن کە لە شارەکانی سنە، مەهاباد، نەغەدە، بۆکان، شنۆ، ورمێ و سەقز شانۆی هەڵبژاردنەکان بایکۆت کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، لە شاری سەقز گوشاریان خستووتە سەر کرێکارانی کارخانەکان کە بۆ ئەمڕۆ هەینی، ١٥ی پووشپەڕ، لەسەر کارەکانیان ئامادە بن و بڕیارە سندووقی دەنگدانیان بۆ ببەن و لەوێ دەنگیان لێ وەربگرن.

لە شارەکانی سنە، مەهاباد و ڕەبەت، گوشاریان خستووتە سەر ئەو بنەماڵانەی کە لەلایەن کۆمیتەی ئێمداد و بێهزیستییەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێ کە بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

ئەندامانی کۆمیتە ئێمداد و بێهزیستی پێیان وتراوە کە ئەگەر بەشداری لەم شانۆیەدا نەکەن، چیدیکە پاڵپشتیی داراییان لێ ناکرێ.

لە شاری بۆکان، بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان دەستی پێ کردووە و بنکەکانی دەنگدانی قوتابخانەی ئینقلاب، گەڕەکی فەرهەنگیانی قەدیم، قوتابخانەی کارودانشی شەرەف، شەقامی بێکەس، ئیدارەی پەروەردە، قوتابخانەی دواناوەندیی ئامێنە، قوتابخانەی ئەدەب، ناوەندی شار، بەرانبەر بە موخابرات و شەقامی مزگەوتی قیبلە و جاددەی سەد چۆڵن و ڕێژیم هێزی نیزامی و سەربازیی لەم شوێنەدا جێگیر کردووە.

ڕێژیم لە بۆکان بە مینیبووس ئەو بنەماڵە هەژارانەی کە لە کۆمیتەی ئێمداد و بێهزیستی یارمەتی وەردەگرن و بنەماڵەی جاشەکان دەباتە سەر سەندووقی دەنگدان.

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی ڕابردوو، هێزیکی زۆری یەگانی تایبەت لە ورمێوە بۆ مەهاباد ڕاگوێزراون.

لە شاری شنۆ، بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و تەنیا هێزەکانی ڕێژیم لەوێدا جێگیر کراون.

لە پیرانشار، قوتابخانەکانی فەهمیدە، نەرگس و مێهدی لە ناوەندی شار و بنکەی قوتابخانەی شەوانەڕۆژی چۆڵە و لە چوونەژوورەوەی کاسوورەدێ خاڵی پشکنین دانراوە.

لە شیناوێ خەڵک، شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە و بازاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم ساردوسڕە.

بەپێی هەواڵەکان لە ناوچەی شاماتی مەهاباد  بە مەبەستی قەرەباڵغنیشاندانی سەر سندووقەکان، تەنیا یەک بنکەی دەنگدان دانراوە و بەم حاڵەشەوە ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆر کەم و لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا سیفرە.

شاری سنە لە مانگرتنی گشتیدایە و بنکەکانی دەنگدان لە شەقامەکانی شەشۆم بەهمەن، بەهمن، فێردەوسی و ناوەندی شار، شەقامی سیرووس، فەیزاوا، کشاوەرز، ئاویەر، حەسەناوا، شەریفاوا چوڵن و هێزەکانی ڕێژیم لە هاتوچۆدان.

لە گوندی شێخ زەردی مەرگەوەر یەک کەسیش هەتا ئێستا دەنگی نەداوە و بە ناچار بنکەی دەنگدانیان داخستووە.

بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی چەمران لە شەقامی حافزی سەقز و هەروەها کەریم ئاوا چۆڵن و لە هەر بنکەیەک یەک دوو کەس لە هێزی ئینتیزامی و چەند کەسی لیباس شەخسی مۆڵ دراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، سەرەڕای پڕوپاگەندەی زۆری بەرپرسانی ڕێژیم لە یەک حەفتەی ڕابردوودا بۆ بازاڕگەرمیی خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بەشداریی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ حەفتەی ڕابردوو، زۆر کەمترە.