کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا/ کوردەکان لە بەردەم درگای کۆشکی سپی بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ خۆپیشاندانیان کرد

14:28 - 19 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا لە واشنگتۆن بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بۆ سێهەمین جار لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا لە بەردەم کۆشکی سپی کۆبوونەوەیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا لە واشنگتۆن بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی هێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر کوردستانی رۆژئاوا لە بەردەم کۆشکی سپی خۆپیشاندانیان کرد.

خۆپیشاندەران بە کۆمەڵێک دروشم وەکوو هەموو کوردێک دژ بە داعش شەڕ دەکات، ئۆباما داوای یارمەتی دەکەین و کورد لە جینۆساید بپارێزن، ئێمە کردەوەمان دەوێت نەک دژکردەوە پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

هەروەها بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە بە بەرزکردنەوەی پلاکاردی جۆراجۆر هێرش و پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان بۆ سەر شاری کۆبانێ مەحکووم کرد و دوایان لە کۆشکی سپی کرد بە خێرایی و بێ دواکەوتن بڕیاری هێرش کردنەسەر داعش لە شاری کۆبانێ و دەورووبەری بدات.

پاش چڕبوونەوەی پەلاماری داعش بۆ سەر کۆبانێ، چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستانی، بە رێپێوان و ناردنی نامە و دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی ئامریکایی، هەوڵ دەدەن سەرنجی ئەوان بۆ لای دۆخی نالەباری خەڵکی کۆبانێ رابکێشن بۆ ئەوەیکە ئامریکا و هاوپەیمانان بە فەریای ئەو خەڵکە لێقەوماوە بکەون و یارمەتییان پێشکەش بکەن و لە تیرۆر و رەشەکوژی داعش بیانپارێزن.

هەرو لەو پێوەندییەدا، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی رەوەندی کوردی لە واشنگتۆن بۆ سێیەمین جار لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا خۆپیشاندانیان پێکهێنا.

خۆپیشانداندەران سەرەتا لە بەردەم وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە و کۆمەڵێک دورشمیان لە دژی داعش وتەوە و یاداشتێکیان وەکوو داخوازی کوردەکان پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوە کرد.
لەو یاداشتەدا وێڕای سپاس لە ئامریکا بۆ پشتیوانییەکانی لە پێشمەرگەی کوردستان، داوایان کردبوو کە یارمەتی خەڵکی کۆبانێ بدات و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر داعش لە رۆژئاوای کوردستان چڕتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەر بە جینۆسایدی گەلی کورد بگرن.

دواتر خۆپیشاندەران بەرەو کۆشکی سپی بەرێکەوتن و پێکەوە هاواریان دەکرد کە \'\'هەموو کوردێک دژ بە داعش شەر دەکات، ئۆباما داوای یارمەتی دەکەین و کورد لە ژینۆساید بپارێزن. ئێمە کردەوەمان دەوێت نەک دژ کردەوە، بژی کوردستان، بژی پێشمەرگە، بروخێ داعش\'\'.

خۆپیشاندانەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب لە بەردەم کۆشکی سپی کۆتایی پێهات.