کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەی سۆبەی نەوتی گیانی منداڵێکی کوردی لە سەردەشت ستاند

14:06 - 8 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوەی سۆبەی نەوتی لە گوندێکی ناوچەی ئالانی سەردەشت، گیان لە دەست دانی منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵەی لێ کەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە گوندی \'\'گروێس\'\'ی ناوچەی \'\'ئالان\'\'ی سەردەشت، لە پارێزگای ئورمیە بەهۆی نەشتی نەوتی سۆبەی ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی \'\'ئازاد\'\'، ئاگرکەوتنەوە رووی دا و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵەی ئەو هاووڵاتییە بەناوی \'\'هێمن محەممەدپوور\'\' لە نێو ئاگردا سووتا.
ئەو ئاگرکەوتنەوە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە دایک و باوکی ئەو منداڵە لە ماڵەوە نەبوون، هاتووەتە ئاراوە و بەهۆی تەشەنەی ئاگرکە بۆ نێو هەموو ماڵەکە سووتاوە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.
پێشتریش سۆبەی نەوتیی پۆلی قوتابخانەی سەرەتایی \'\'تابان\'\' لە گوندی \'\'کەرێزی شێخان\'\' لە ناوچەی مەهاباد ئاگری گرت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە قوتابخانەکە لە پشوودا بووە، هیچ زیانێکی مەعنەویی بەدواوە نەبووە.
ساڵێک پێش ئێستا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پۆلی چواری سەرەتایی گوندی شیناوێ لە پیرانشار، دوو قوتابیی کورد گیانیان لە دەست دا و ٣٦ی دیکەش بریندار بوون.
ناستانداردیی سۆبە نەوتییەکان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیم لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو رووداونە بوون.