کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان دژی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆکكۆماریی ئێران

12:33 - 13 پووشپەڕ 2724

رۆژی هەینی ٧ی پووشپەڕ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران خۆپیشاندانێک لە بەردەم نووسینگەی کارگێڕیی ڕێژیم لە شاری هامبۆرگ کە وەک بنکەیەکی دەنگدان دابین کرابوو بە هاوکاریی چەند حیزب و لایەنی سیاسیی ئێرانی و کوردستانی و هەروەها هەندێک لە چالاکوانانی سیاسیی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

چەند حیزب و لایەن پەیامی خۆیان خوێندەوە بە تێکرا ئەو هەڵبژاردنەیان دوور لە بنەماکانی دێمۆکراسی و پڕەنسیبەکانی هەڵبژاردن نرخاند.

کاک شەهریار نەقشبەندی لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە کە دوژمنی سەرەکیی گەلی ئێران ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێرانە و بۆ ڕزگاری لەو ڕێژیمە دەبێ گەلانی ئێران ناکۆکییەکانیان وەلانێن و بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ خەبات دژی کۆماری ئێسلامی پێک بێنن.

دوکتور ئەمیر کیانی چالاکی سیاسی لە شاری هامبۆرگ وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ڕۆڵی تێکدەرانەی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی لە شۆڕشی ژینادا بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

هاوڕێ ناسێح موهاجر پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خوێندەوە و لە پەیامەکەدا باس کرا کە هەڵبژاردن لە سیستەمێکی تۆتالییستیدا هیچ بایەخێکی نییە و تەنیا شەرعیەتێکە بۆ ئاڵوگۆری دەستنیشانکراوەکانی دیکتاتۆری خوێنمژی ئێران.

هەروەها سێ کەس لە برینداربووانی شۆرشی ژینا هەر یەک وتارێکیان بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.