کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژێر مەترسی شەڕێکی دیکەدا/ ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی

12:16 - 13 پووشپەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییەکانی شەڕ لە غەززە، گرژییەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵلا لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی تر لە ناوچەکەدا بوونی هەیە.

پاش دەسپێکی شەڕی غەززە لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە هۆی هێرشی چەکدارانی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل، خولێکی نوێ لە گرژییەکان ناوچەکەی تەنی و بەرەوڕووبوونەوەکانی بردە قۆناغێکی دیکەوە.

لە ئێستادا گرژییەکان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورەتر لە شەڕی غەززە ڕوو بدات و تەنانەت کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئێرانی لێ بکەوێتەوە.

لەم پێوەندییەدا کەماڵ خەڕازی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، کۆماری ئیسلامی و بە وتەی خۆی "بەرەی موقاومت" بە هەموو هێز و توانایانەوە پشتیوانی لە حیزبوڵڵا دەکەن.

هەروەها ئەمیرعەلی حاجیزادە فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسداران بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکەی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند: "من و هاوکارەکانم ئاواتەخوازی گەیشتنی دەرفەتێکی دیکەین بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کە ڕێژەی مووشەکەکان بۆ ئەم هێرشە نادیارە".

هەر چەند کە ئەم چەشنە هەڕەشانە ڕۆژاوای تا ڕادەیەک نیگەران کردووە، بەڵام بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن فاینەنشاڵ تایمزەوە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری دەسپێکی وەها شەڕێک ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئیسرائیل ناکاتە ئامانج و تەنیا لە ڕێگەی میلیشیاکانی خۆی لە هەموو ناوچەکەدا بەرەوڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە.

ڕۆژنامەی جروزاڵم پۆست ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕ لە ڕاپۆڕتێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکستی هێناوە ڕایگەیاند کە کاتی هێرشکردنە سەر لوبنان گەیشتووە.

پێش لەم ڕاپۆڕتە ئەرتەشی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندبووکە گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر لوبنان ئامادە و پەسەند کراوە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی لە سەرەتاکانی دەسپێکی شەڕی غەززەوە هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل نەکشێتەوە، بێگومان هێرشی سەربازی دەکەنە سەر لوبنان.