کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بان ‌کی مۆن روو بە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: بە هانای هاووڵاتییانی کوردەوە بچن

20:27 - 15 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە هانای هاووڵاتییانی کوردەوە بچن.
بەپێی راپۆرتی دویچەولە، بان‌ کی‌مۆن سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشی بۆسەر کۆبانێ مەحکووم کرد و ئەو هێرشانەی بە لەشکرکەشی دڕندانە وەسف کرد.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە تەواوی وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە کرد کە بە هانای هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی سووریەوە بچن.

بان‌ کی‌مۆن لەو بەیاننامەیەدا پشتیوانیی کۆمەڵگای جیهانی لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری کۆبانێ بە پێویست لەقەڵەم دا.

پاش هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش، لەلایەن ئامریکا و بە بەشداریی زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی، بە مەبەستی شەڕ دژی ئەو گرووپە توندڕەوە ئیسلامییە، بەرەیەک پێکهێنرا.

پاش کوشتاری هاووڵاتییانی کورد و داگیرکردنی چەند شاری کوردستان لەلایەن داعشەوە زۆربەی بنکە و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ کردەوەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان مەحکووم کرد.

چەند رۆژ پێش ئێستا کەمپەینی با کۆبانێ تەنیا نەبێتـیش لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤی کورد لە ئێران و بەتایبەتی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی ئێران دامەزراو و زۆربەی ئەو چالاکانە بەمەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ مانیان لە خواردن گرت.
ئەو کەمپەینە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بەیاننامەیەکیان سەبارەت بەبەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە شارەکان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە لە هەمبەر هێرشەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ کردەوەیەک بگرنە بەر.