کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌یاننامەی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە تەحریمی هەڵبژاردنەکانی رێژیمی ئێران

16:59 - 18 جۆزەردان 2713

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران لەبەیاننامەیەکدا شانۆی ١١مین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێرانی تەحریم کرد.


نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیانییەکە:

بسم اللە الرحمن الرحیم

فان للذین ظلموا ذنوبا مثل ذنوب اصحابهم فلا یستعجلون

خەڵکی موسڵمان و باوەڕمەند بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هاونیشتیمانانی بەڕێز، لاوەکان، کوڕ و کچانی هەردەم هوشیاری گەلەکەمان، هەروەک ئاگادارن ٣٥ ساڵ لەمەوبەر رێژیمی پەت و سێدارە و ترۆر بە کەڵک وەرگرتن لە پیرۆزییەکانی خەڵکی ئێران کە باوەرێک حاشاهەڵنەگریان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەبوو، بەناوی حکوومەتی ئیسلامی و عەدڵی ئیلاهی خۆی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپاند، بەڵام گەلی هەمیشە زیندووی کورد زۆر وریایانە و بە تێڕوانینی دوارۆژ هەر لەیەکەم بەناو هەڵبژاردندا نای بەو رێژیمە بێ بنەمایە گوت و بەشداریی لە وەها پرۆسەیەکی گەندەڵدا نەکرد و خۆی لە ئاست ئایین و نیشتماندا بەرپرسیار زانی کە بە راستی مایەی شانازیی گەلەکەمانە. 
ئێستا بە تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بۆ تەواوی خەڵکی ئێران و جیهان بەگشتی ناوەڕۆکی ئەو رێژیمە ئاشکرا بووە کە چەندە دڕندە و بێ بەزەیییە، هەربۆیە رێژیم جارێکی دیکەش پەنا بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەبات و چەند کەس وەک هەڵبژاردەی خەڵک دیاری دەکات و دەیانخاتە بەر دەم هەڵبژاردن ولافی دێموکرات بوون ودێموکراسیەت لێ دەدات.

لە حکوومەتێکدا کە بەشداریی خەڵک تەنیا بۆ فریودانی مێشکی خەڵکانی جیهانە و ئەگینا کاتێک قسەی ئاخر و تەواوکەر ئەوە ویلایەتی فەقیهـ دەیکات چ هەڵبژاردنێکی دێموکراتیکانە لە ئارادایە؟ بە سەرنجدان بە دەستووراتی شەریعەتی ئیسلام و فەرمایشتەکانی رێبەری ناوداری ئیسلام محمد، بەشداری کردن لەو جۆرە هەڵبژاردنانە حەرامە و دوور لە رەزامەندیی باری حق تعالایە. خوداوەند هەروەک گلەیی لەسەر خەڵکە کە بۆخۆیان زاڵم لە سەرخۆ دەسەپێنن، دەفەرمێت خودا تغیرحاڵی هیچ نەتەوەیەک نادات تەنیاخۆیان بەسەر خۆیان دەیدەن، خودا هانی پێغەمبەر دەدات کەوا لە کارو بارەکانی بەڕێوەبردنی وڵات لەگەڵ خەڵک بێت ودەفەرمێت لەکارەکانت لەگەڵ خەڵک مەشوەرەت بکە واتە دێموکرات بە ئاخۆ لە وەها رێژیمێک دێموکراتییەت بوونی هەیە هەتا ئێمە بەشداری بکەین، بەشداری کردنمان جگە لە درێژ کردنەوەی تەمەنی رێژیم هیچ شتێکی دیکەی پێوە نییە هەربۆیە داوا دەکەین بە بانگەوازی ئوپۆزسیۆنی دژبەری کۆماری بەناو ئیسلامی ئێران بچن و هەڵبژاردن تەحریم بکەن وجارێکی دیکە نا بە ویلایەتی فەقیهـ بڵێن کە ئەوە ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە هیوادارین ئەو دوارۆژی تەمەنی رێژیمی پەت و سێدارە بێت.

یه کیه تیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٨ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٢ی هه‌تاوی