کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێشەممەکانی ''نا بۆ لەسێدارەدان'' لە زیندانەکانی ڕێژیم بەردەوامە

10:53 - 13 پووشپەڕ 2724

٢٣ـەمین مانگرتن لە خواردنی ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدانی زیندانییان لە ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣، سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و مانگرتن لە خواردن بۆ ٢٣ـەمین حەفتەی لەسەریەک درێژەی هەبوو.

ئارمیتا پاویر و مریەم بایرامیان، دوو زیندانیی سیاسی کە لە بەشی ژنانی زیندانی تەورێز بەند کراون، لەو زیندانیانەن کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە بەشداریی ئەم هەڵمەتە دەکەن.

بەشی ژنانی زیندانی تەورێز بەشداری کەمپینی "نا بۆ لەسێدارەدان هاوکات بوو لەگەڵ بایکۆتی بەرفراوانی نمایشکردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن خەڵکەوە، کە سەرنجی بیروڕای گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

 لە هەمان کاتدا چالاکان باس لەوە دەکەن کە گۆڕینی سەرۆککۆماری ئێران کاریگەریی لەسەر دۆخی کارەساتبارانەی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا نابێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕێژیمی ئێران دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەشێوەیەکی بێ وێنە زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاماری جیهانیی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزڵحەسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.