کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئیدارەی مەسکەنی سنە

12:34 - 12 پووشپەڕ 2724

بڵاوکردنەوەی هەندێک وێنە و ڤیدیۆی تایبەت نیشانی دەدات کە هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری سنە، لە بەردەم ئیدارەی مسکەنی ئەم شارە کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، سەدان کەس لە خوازیارانی گەڵاڵەی میللیی مەسکەنی سنە، لە ناڕەزایەتی بە ناکارامەیی بەرپرسانی پارێزگای سنە و وڵامدەرنەبوونیان بۆ پێدانی زەمینەکانیان، بۆ چەندەمین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە سنە بە بەستنی دەرکەی چوونەژوورەوەی ئیدارەی گشتیی مەسکەن و شارسازیی پارێزگای سنە داوای پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان کرد.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، لەلایەن چین و توێژە جیاجیاکانەوە بەردەوامە و ڕۆژانە خەڵک بە مەبەستی پێداگری لەسەر داواکارییەکانیان دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.