کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافێک بۆ هەموو وەرزەکان

13:07 - 12 پووشپەڕ 2724

مێهدی مێهرپەروەر

‎"ئێمە داوای مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان دەکەین و لە ڕێگای وەدەستهێنانی ئەو مافەشدا بەهەموو تواناوە تێدەکۆشین. ئێمە دڵنیاین کە هیچ ڕێژیمێک لە ئێران ڕێژیمێکی بەڕاستیی گەلی، دادپەروەر و دێموکراتیک نابێ، ئەگەر نەتوانێ مەسەلەی نەتەوایەتی کە یەکێک لە گیروگرفتە بنەڕەتییەکانی وڵاتی ئێمەیە چارەسەر بکا"

‎دوکتور قاسملوو

 

نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو بەتایبەت لەدوو سەدەی ڕابردوودا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەباتی کردووە و لەو پێناوەدا بە دەیان ڕاپەڕینی مەزنی دژی داگیرکەرانی کوردستان بەڕێوە بردووە.

لەسەدەی نۆزدەیەمدا بزووتنەوەکانی بابان، میر محەممەدی ڕەواندز، بەدرخان، یەزدانشیر و بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری کە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی و یەکەمین بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی لەدژی دوو دەسەڵاتی عوسمانی و ئێران بووە. هەروەها بزووتنەوەکانی دواتر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم هەوڵدان بووە بۆ بەدەستهێنانی مافێکی سەرەکی کە لەودا گەلی کورد بتوانێ چارەنووسی خۆی بۆ خۆی دیاری بکا، واتە بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس.

ئەوە حەقیقەتی مێژووییە کوردستان، خاکی کوردان بەبێ پرس و لەلایەن داگیرکەران و وڵاتانی زلهێزەوە دابەش کراوە و بەچەندین ڕێککەوتننامەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی شووم دژی بەرژەوەندییەکانی کورد ئیمزا کراوە، وەک پەیمانی زەهاو، ئەرزروم، سایکس پیکۆ و لۆزان. لە بەرانبەردا و هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدی چەندین بزووتنەوەی بەهێزی نەتەوەیی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران بووین کە لە کۆماری کوردستاندا بە لوتکە گەیشت و گەلی کورد توانی لە بەشێک لە خاکی کوردستاندا بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی خوسەپێن کاروبارەکانی خۆی لە هەموو ڕوویەکەوە بەڕێوە ببا. هەر چەند تەمەنی کۆمار تەنیا یازدە مانگ بوو و لەگەڵ زۆر کێشەی نێوخۆیی و دەرەوە بەرەوڕوو بوو، بەڵام دانیشتووانی کۆماری کوردستان هەستیان کرد سێبەری ڕەشی داگیرکەریان بەسەرەوە نەماوە و دەتوانین ڕۆڵیان هەبێ لە خۆبەڕێوەبەری.

بە ڕووخانی کۆمار هەستی نەتەوەیی و ڕزگاریی خاک نەک هەرەسی نەهێنا، بەڵکوو بۆ نەوەکانی دوای خۆی گوازرایەوە و مەشخەڵی پێشەوای نەمر کەوتە دەستێکی ئەمین. بەڵی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەو کەسە بوو بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی قەوارەی حیزبی دێموکرات و نووسینەوەی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ گڕوتینێکی دیکەی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشی. دروشمی ستراتیژیی حیزب دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو. سەبارەت بە خودموختاری وەک یەکێک لە شێوازەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دکتۆر قاسملوو دەڵێ:

"ئەگەر خودموختارییەکی ڕاستەقینەمان دەست کەوت بەو مانایەیە کە «مافی چارەنووس»، جێبەجێ کراوە. مەسەلە ئەوە نییە کە ئێمە نوێنەرێکمان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێ و ئاڵای تایبەتی و دراوی خۆمان هەبێ. هەر ئێستا زۆر میللەت ئەوانەیان هەیە – بەتایبەت لە ئافریقا کە پێشتر داگیرکرابوون و ئێستا ئازاد کراون – بەڵام هیچ هەست بەوە ناکەن مافی دانانی چارەنووسیان هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بوونی شکڵی ڕواڵەتیی سەربەخۆیی یان ئیستقلال، مانای ئەوە نییە کە میللەتەکە مافی دانانی چارەنووسی دەست کەوتبێ. عەکسی ئەوەش هەر ڕاستە".

‎لەگەڵ ئەوەی دوکتور قاسملوو لەو سەردەمەدا و بەپێی ڕەوش و دۆخی ئەوکاتی ئێران و ناوچە خودموختاریی پێ گونجاو بوو، بەڵام پێی وابوو کورد وەک هەموو نەتەوەیەکی سەر ئەم گۆی زەوییە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆیەتی سەربەخۆ بێ. دوکتور قاسملوو لە دوایین چرکەساتەکانی ژیانیدا لەکاتی دانووستان لەگەڵ دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەچارەنووسی نەتەوەی کورد دەڵێ: "نەوەی ئێمە، نەوەی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانە، ڕەنگە نەوەی داهاتوو داوای سەربەخۆیی یان سۆسیالیزم بکات و ئێمە تەنیا بەرپرسیاری نەوەی خۆمانین". ئەم ڕووانینەی دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ بڕوای قووڵی بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا.

‎دوکتور قاسملوو لە کتێبی کوردستان و کورد سەبارەت بە مافی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە شێوازەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەڵێ: "كوردیش وەك هەموو نەتەوەيەك مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەیە سروشتێكی تایبەتی کە لە مەسەلەی کورددا هەیە ئەوەیە که مەسەلەکە بۆ کورد تەنیا جیابوونەوە نییه، بەڵکوو پێش هەموو شتێك یەكگرتنەوەیه بۆ نموونە جێبەجێکردنی مافی دانانی چارەنووس لە عێراق مانای جیابوونەوەی کوردستانی عێراق نيیە، بەڵکوو یەکگرتنەوەی کوردستانی عێراق لەگەڵ کوردستانی ئێران و توركیەیە ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی بکەین مافی نەتەوەی کوردە بۆ یەکگرتنەوە لەنێو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا".

‎هەر سەبارەت بە مافی کوردان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەڵێ: "هەر ئەندازە یەکیەتیی کوردستان نامومکین و نادروست بێتە بەرچاو، حەق وایە کە مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە فەرمی بناسێندرێ. چونکە داننان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەکان بەبێ جیاوازی و هەڵاواردن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی حەشیمەتی ئەو گەلە کە باسی لێوە دەکرێ و ڕادەی پێشکەوتنی ئەو وڵاتەی کە نەتەوەی ناوبراو تێیدا دەژی، بە مانای قەبووڵکردنی بیروبۆچوونەکانی ئەنترناسیۆنالیستی و مافی یەکسانیی گەلانە".

‎دوکتور قاسملوو بڕوای قووڵی بەوە هەبوو کە هەموو نەتەوەکان خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیانن، هەر بۆیە لەم پێوەندییەدا دەڵێ

‎"ئەوە کە هەلومەرجی گونجاو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەبارە یان نا، ئەوە کە سەربەخۆیی نەتەوەیەک یان مانەوەی ئەو نەتەوەیە لەگەڵ چەند نەتەوەی دیکە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئەوە کە نەتەوەیەک لەو مافەی خۆی کەڵک وەردەگرێ یان نا، ئەوە کە ئەو داوایە لە ژێر سێبەری ڕێژیمێکی سەرمایەداریدا ئیمکانی وەدیهاتنی هەیە یان تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی سوسیالیستیدا، نابێ ببنە هۆی حاشاکردن لەو ڕاستییە کە تەواوی نەتەوەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە."

‎تەنانەت دوکتور قاسملوو لە گوشەنیگای مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانەوە بیرۆکەی پیکهێنانی فیدراسیۆنێک لە دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخاتە ڕوو و لە کتێبی "کوردستان و کورد"دا نووسیویەتی: "جیابوونەوی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بە هیچ شێوەیەک بە واتای جیاوازیخوازی نییە و بەپێچەوانەوە دوای ئەو سەربەخۆییە هەلومەرجی پێویست بۆ دروستبوونی یەکیەتیی نێوان تەواوی دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەتوانێ لە شێوەی فیدراسیۆندا پێک بێ."

لەنێو خاوەن‌ڕایانی نەتەوەی فارسدا باس لەوە دەکرێ کە ڕەساڵەتی مافی دیاریکردنی چارەنووس تایبەت بە قۆناخێکی دیاریکراو لە مێژوودا بووە و ئێستا سەردەمی ئەم مادەیەی مەنشووری نەتەوەیەکگرتوەکان وەک مافی سەربەخۆیی نەتەوەکان بەسەر چووە و زیاتر لە چوارچێوە دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەرەنتی مافی کەمایەتییەکان پێناسە دەکرێ. هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد دوکتور قاسملوو لە دوایین چرکەساتەکانی ژیانیدا ئەو پەیامەی بە دەسەڵاتدارانی ئێران گەیاند کە نەسڵی ئێمە نەسڵی دێموکراسی و خودموختاریە، بەڵام ئێمە زەمانەتی ئەوە ناکەین نەسڵی دوای ئێمە بەو داوایە ڕازی دەبێ. کەوابوو ئەو ڕوانینەی دوکتور قاسملوو بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس کە دەتوانێ داخوازییەکان لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە بگۆڕدرێ، سەلمێنەری ئەوەیە کە سەردەمی مافی دیاریکردنی چارەنووس نەک بەسەر نەچووە، بەڵکوو خەباتی نەتەوەی کورد تا گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی بەردەوام دەبێ.

گەلی کورد پاش زیاتر لە دوو سەدە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و دانی قوربانییەکی زۆر لەم پێناوەدا، سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی مافە یاساییەکانی خۆی و بەدڵنیاییەوە ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو ڕێ‌نیشاندەری خەباتی گەلی کورد دەبێ و مەشخەڵی خەباتی ڕزگاریخوازیی هەروا بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە و نەوە بەدوای نەوەدا ئەم مەشخەڵە دەستاودەست دەکرێ تا دەگاتە دوامەنزڵی خۆی کە گەیشتنی نەتەوەی دابەشکراوی کوردە بە مافی خۆی واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنێ کە سەردەمی مافی دیاریکردنی چارەنووس نەک بەسەر نەچووە، بەڵکو یەکێک لە هێڵە ستراتیژییەکانی گەلی کوردە بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی یەکجاری.