کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو مامۆستای ئایینی لە سەردەشت بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ کران

10:49 - 13 پووشپەڕ 2724

دوو مامۆستای سوننە مەزهەبی خەڵکی سەردەشت، کە لە کاتی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''دا پشتیوانیی خەڵکیان دەکرد، بۆ چەندەمین جار بانگی دادگای ڕوحانییەتی ورمێ کران.

ئاژانسی مافی مرۆیی ''کوردپا'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وتوویەتی، مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی خوارێ" و مامۆستا حەسەن خزری پێشنوێژی هەینیی گوندی "بێورانی سەرێ" سەر بە  شاری سەردەشت کە لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی لە شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕووبەڕووی دۆسییەیەکی ئەمنییەتی بوونەتەوە، بانگی دادگای تایبەتی ڕوحانییەتی ورمێ کراون.

ئەم دوو مامۆستا سوننە مەزهەبە لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا بە هۆی پشتیوانی لە خەڵک و خۆپیشاندەران و برینداران و کەسوکاری کوژراوەکان چەندین جار بانگی دامودەزگا ئەمنییەکانی شاری سەردەشت کران و پاش هەڕەشە و گوشاری ئەمنییەتی ڕووبەڕووی دۆسییەی ئەمنییەتی - قەزایی لە دادگای ڕوحانییەتی ورمێ بوونەتەوە.

هەروەها ئەم دوو مامۆستا ئایینییە چەندین جار ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان دەربڕیوە.