کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزە شارستانی قەسری شیرینی هەژاند

19:42 - 3 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٤.٣ بە پێوەری ریشتەر سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەک‌شەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز، شارستانی قەسری شیرینی هەژاند


ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەکانی ئێران سەربە دامەزراوەی ژیۆپۆلیتیکیی زانینگەی تاران، کاتی ئەو بوومەلەرزەیەی کاتژمێر ١٠ و ٢٦ خولەک و ٥٧ چرکەی ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیاندووە.
ناوەندی سەرەکیی ئەو بوومەلەرزەیە شاری خانەقین لە کوردستانی باشوور و لە ٢٩ کیلۆمیتریی شارستانی قەسری شیرین بووە کەلە شارەکانی رۆژئاوای پاریزگای کرماشانیش هەست پێ کراوە.
ئەمە سێیەمین بوومەلەرزەیە کە لە ماوەی ١٢ کاتژمێری رابردوودا شارستانی قەسری شیرینی هەژاندووە و لە ٢٤ کاتژمیری رابردوودا نزیک بە زیاتر لە ١١٠ بوومەلەرزە لەو شارستانەدا تۆمار کراوە.
نزیکە ١٠ حاڵەتی ئەو بوومەلەرزانە لە ٤ ریشتەر زیاتر بووە کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە زیانەکانی ئەو بوومەلەرزانە بڵاو نەبووەتەوە.
هەنووکە خەڵکی ئەو شارە هاتوونەتە دەرەوەی ماڵەکانیان و لە شوێنە گشتی و پارکەکاندا نیشتە بوون.