کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەیەکی دیکە لە بواری مافی مرۆڤ لەدژی ئێران پەسند کرا

21:08 - 28 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە گەڵاڵەیەکی دیکەی دژی ئەو رێژیمە پەسند کرد.

\'\'رادیۆ فەردا\'\' لە زاری هەواڵدەریی \'\'رۆیتێرز\'\'ـەوە بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز بە کۆی ٨٦ دەنگی \'\'ئەرێنی\'\' و ٣٦ دەنگی \'\'ناڕازی\'\' بڕیارنامەیەک لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران دژی ئەو وڵاتە پەسند کرا.
لە کۆتایی‌یەکانی مانگی خەزەڵوەر، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، چاوەدێرانی مافی مرۆڤ، ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەگەڵ ٢٢ رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، نامەیەکی هابەشیان بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.
ئەو ٢٥ رێکخراوەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لەو نامەیەدا خوازیاری پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە لەدژی ئێران بوون و داوای ئەوەیان کردبوو کە پرسی نەتەوەکانی ئێران و ئیعدامی بەندکراوانی سیاسی لەو بڕیارنامەیەدا باسی لێ بکرێت.
٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەقی پێش نووسی ئەو بڕیارنامەیەی پەسند کردبوو.
لەو پێوەندییەدا ساڵی رابردوو لە دانیشتنی کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پێشنیاری کانادا بڕیارنامەیەک بۆ مەحکووم کردنی پێشێلکاریی‌یەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی لە رادە بەدەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران دژی ئەو رێژیمە پەسند کرا.