کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ٦ قەڵافەتی زیندووی ڕۆژهەڵاتی تینووی ئازادی

17:21 - 5 پووشپەڕ 2716

کاتێک سوپای تاریک پەرەست چەشنی پەڵە هەورێکی ڕەش، ئاسمانی سەرتانی تەنییەوە و ویستی پێش بە درەوشانەوەتان بگرێ!

ئێوە دەمێک بوو ڕاسابوون!

دەمێک بوو لەوە گەیشتبوون کە چی تاریکی دنیایە،
توانای شاردنەوەی ڕووناکی مۆمێکی نییە!


٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی ژ٣ بەدەست و قەمەکێشەکانی کۆماری مەرگ و سێدارە بە چاوساغیی تاقمێک خۆفرۆشی چڵکاوخۆر گوندی قەرەسەقەڵی شنۆی سەربەرزیان گەمارۆدا کە پۆلێک لە قوتابیانی ڕاستەقینەی سەرداری دێموکراسی لە خۆیدا دەحەواندەوە. پۆلێک بەوری چنگ بەگڕی نیشتمان کە گڕیان لە ڕۆحی چەپەڵی دوژمنانی ئازادی بەردا و کۆڵەکە لەرزۆکەکانی سوپای وەیشوومەی داگیرکەرانی کوردستانیان خستەوە لەرزە و هاوشێوەی قارەمانانی خەباتی چەکداری ٤٦-٤٧ کە دورگەی ئارامی حەمەڕەزاشایان شڵەژاند، حەماسەی قەرەسەقەڵیان خوڵقاند و بە ڕاسانی شاخ، ئاوی مەندی تارانیان شڵەقاند.

پۆلێک جەنگاوەری بەبڕست لە تۆرەمەی پێشمەرگەی کوردستان کە مێرای ٣ گرێی زەردەشتیان لە پشت بوو و مەنجەنیقی مەرگیان بۆ هێزی زۆر و زەوەند بەڵام ترسەنۆکی جەماران داخست و بە ئیرادە و باوەڕی پیرۆزیان سەلماندیان کە ڕموزنە و دێوی تاریکیی قوم و تاران و سوپای کڕێوە، زۆر لەوە نێوبەتاڵترە کە خۆی دەنوێنێ.

ئەوان سەلماندیان کە مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەتوانێ مەرگ بە چۆکدا بێنێ و بە شەهیدبوونیان مانایان بە ژیان بەخشی؛ ئەوان دژی کۆیلایەتی و ژێرچەپۆکی بوون، بۆیە ڕاپەڕین. شەهیدان کەماڵ خزری، لوقمان شێخانی، خالید پەیغامی، سەلاح نادری، جەماڵ ئیسماعیلی و سەید عومەر حسەینی. ٦سه‌رقافله‌،٦ سه‌رمه‌شق و ٦سه‌رته‌ڵ کە بوونە سەرباشقەی ڕاسانی نوێی خۆرهەڵات کە ڕێ و ڕەوەنی ژیان و خەبات لە قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی فێر ببوون.

هاوڕێی سەروەر کەماڵ خزری:

کەماڵ خزری کوڕی مەحموود لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆ لە بنەماڵەیەکی وەرزێر و نیشتمانپەروەر لەدایک بوو.

ناوبراو پاش وازهێنان لە خوێندن وێڕای باقی ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان قۆڵ لە کار و کاسپی هەڵدەکا و لەگەڵ باوکی دەست دەکات بە کاری وەرزێری.

ساڵی ٦٨ دەبێتە پێشمەرگە و لە مەڵبەندی شیمال سازمان دەدرێت و ساڵی ١٣٧٠، نەقڵی هێزی کێلەشین دەبێت و وەک پێشمەرگە سازمان دەدرێت. ساڵی ٧٢ دەنێردرێتە دەورەی بێسیم و ساڵی ٧٣ وەک بەشی گومرۆک دیاری دەکرێ و ساڵی ٧٤ دەنێردریتە دەورەی سیاسی و پاشان وەک کادری دەرەجە ٤ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی حیزب دەست بە تێکۆشان دەکات و لە ساڵی ٧٧ وەک فەرماندەی دەستەی کۆماندۆی نەغەدە دیاری دەکرێ و پاش تێکەڵکردنی کۆمیتە شارستانەکان وەک ناوەند، هاوڕێ کەماڵ وەکوو سەردەستە و چەند جاریش وەک ئەندامی ناوەندی ٣ دەنگی هێناوە و لە بەشەکانی پەروەردە، ماڵی و ئەمنیەتی ناوەند کاری کردووە.
لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی دەچێتە دەورەی سیاسی بۆ کادری دەرەجە ٣ و بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغەش تێپەر دەکات و تا کاتی شەهیدبوونی لە پلەی تەشكیلاتی وەک کادری دەرەجە ٣ و بە بەرپرسایەتی جۆراوجۆر چالاکی کردووە. ناوبراو یەکێک لە کادرە بەوەج و خۆشناوەکانی حیزب بەتایبەت لە ناوچەی شنۆ بوو. لەشی کەنفت و غەدری زەمانە بە چۆکیدا نەهێنا و لە زۆر جێگەی ترسهێنەری ورەبڕدا، نەتەنیا ورەی بەر نەدا، بەڵکوو بۆخۆی دەبووە ماکەی ورە و وزە بۆ هاوڕێیانی.

هەموو جارێکیش دەیوت:

ئەوانەی ئەژنۆیان دەلەرزێ، شۆڕشگێڕ نین.
ئەوانەی دەترسن، دێموکرات نین.
ئەوانەی دەڵێن پێمان ناکرێ و ناهومێدن
شک و گومان لە کورد بونیان هەیە.
دێموکراتێکی شۆڕشگێڕی کورد،
نەدەترسێ، نە ئەژنۆی دەلەرزێ و نە دەڵێ پێم ناکری.
کورد ناترسێ
دێموکرات نابەزێ
شۆڕشگێڕ نالەرزێ.
پێشمەرگەی دێموکرات یا کوردوستان یا نەمان دەڵێتەوە.

هاوڕێی سەروەر لوقمان شێخانی:

لوقمان شێخانی کوڕی عەبدوڵڵا لەدایکبووی ١٣٥٥ی هەتاوی لە گوندی شێخانی شنۆ بووە. لە تەمەنی ٧ ساڵی‌دا دەچێتە قوتابخانە و هەتا پۆلی یەکەمی ناوەندی دەخوێنێت، بەڵام مەخابن بەهۆی دەستکورتیی بنەماڵەکەی ناچار دەبێ واز لە خوێندن بهێنێت و سەرباری تەمەنی کەم، هەوڵی دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دەدات.

لە سالی ١٣٧٣ی هەتاوی‌دا دەبێتە پێشمەرگە و پاش تەواو کردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە، لە هێزی کێلەشێن سازمان دەدرێت.

بەهۆی لێهاتووییەکانییەوە هاوڕێ لوقمان بەرپرسایەتییەکانی وەک جێگرپەل، سەرپەل، جێگری دەستە وەردەگرێت و دواتر پاش تەواو کردنی دەورەی سیاسیی کادر، وەکوو کادری پلە ٤ درێژە بە خزمەت و چالاکییەکانی دەدات.

لەساڵی ٩١ دەنێردرێتە دەورەی سیاسی بۆ کادری پلە ٣ و پاش تەواو کردنی دەورە لە سالی ٩٢دا، وەک کادری پلە ٣ دیاری دەکرێت. لە کۆنفڕانسی سالی ٩٤ی ناوەند وەکوو ئەندامی ناوەند دەنگ دەهێنێتەوە و وکوو بەرپرسی تەشكیلاتی ئاشکرای ناوەند دەست بە تێکۆشان دەکات.

ساڵی ٩٥ وەکوو بەرپرسی ئەمنیەتی ناوەند دیاری دەکرێت و تا کاتی شەهید بوونی، بەرپرسی بەشی ئەمنیەتی ناوەند بووە. ناوبراو پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و سادق و زارپاراو بوو، قەت مەتەرێزی ڕاژە و ویژدانی چۆڵ نەکرد و هەردەم لە سەنگەری خەبات بە دژی داگیرکەر ئامادە بوو.

هاوڕێی سەروەر سەلاح نادری:

هاوڕێ شه‌هید سه‌لاح نادری، هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ، خەباتکارێکی بە ورە، مرۆڤێک لە ڕەگەزی هەرمان و هەتاو، کوڕی مه‌حموود، له‌ ڕێکه‌وتی ٢ی پووشپه‌ری ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی له ‌بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌ په‌روه‌ر، له‌ گوندی کانی سێوی شاری مه‌هاباد له‌دایک بووه‌. خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ ئاوایی کانی سێو ته‌واو ده‌کات. بۆ قۆناغی ناوه‌ندی، ساڵێک له‌ بۆکان ده‌بێ و دوو ساڵه‌که‌ی دیکه‌ی له‌ ئاوایی خه‌لیفان ته‌واو ده‌کات. پاش تێپه‌ڕ کردنی قۆناغی ناوه‌ندی، بۆ درێژه‌ دان به‌ خوێندن ده‌چێته‌ شاری مه‌هاباد. ساڵێک له‌ مه‌هاباد ده‌رس ده‌خوێنێت و ساڵی دواتر له‌ دواناوەندیی شەوانه‌ ڕۆژیی ورمێ، له‌ بواری زانستەکانی کشتوکاڵ درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات. ساڵی ١٣٧٧ی هه‌تاوی، ڕیزی تێکۆشان بەدژی ئازادی کوژان هەڵدەبژێرێ و چەکی داکۆکی لە کەرامەتی نەتەوەکەی لە شان دەکات. ساڵی ١٣٧٩ی هه‌تاوی، ده‌چێته‌ به‌شی فیلمی حیزب. شه‌هید سه‌لاح نادری لێرەوە ئاشنا و تێکه‌ڵ به‌ دنیای هونه‌ر و ڕاگه‌یاندن ده‌بێ. له‌ ساڵی ٨٧ی هه‌تاوی له‌ په‌یمانگای تکنیکیی هه‌ولێر، به‌شی ڕاگه‌یاندن به‌ سه‌رکه‌وتوویی ته‌واو ده‌کات. ئه‌و به‌ درێژایی ماوه‌ی خوێندنه‌که‌ی، ئەرکە حیزبیەکانیشی ڕاده‌په‌ڕاند. پاش ته‌واو کردنی خوێندنه‌که‌ی به‌ هۆی لێهاتوویی و ئاستی به‌رزی زانستییه‌وه،‌ داوای لێ ده‌کرێ وه‌کوو یاریده‌ده‌ری مامۆستا له‌ زانستگه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام قه‌بووڵی نەکرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆنی تێشک و لێبڕاوانه‌، ماندوو نه‌ناسانه‌ و زانستیانه‌ درێژه‌ی به‌ کاروباری حیزبی دا. شه‌هید سه‌لاح نادری کە پلەی تەشکیلاتییەکەی کادری دەرەجە سێی حیزب بوو، لە دوا مەئمووریەتی‌دا، کە گەڕانەوە بوو بۆ قوڵایی خاکی کوردستانی پیرۆز، وێڕای ٥ هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوویی نەناسی، لە حەماسەی قەرەسەقەڵ گیانی ئازیزی پیشکەش بە بارەگای پڕ سەروەری کرد. شەهید سەلاح نموونەی هونەرمەندێکی ئارام و لەسەرەخۆ، مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەیەکی چاونەترس بوو کە لە نێو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی‌دا بە خەمیارێکی هێدی ناسرابوو.

هاوڕێی سەروەر جەماڵ ئیسماعیلی:

هاوڕێی شەهید جەماڵ ئیسماعیلی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی قەڵاتانی نەغەدە لەدایک بوو.

لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی، پەیوەندی بە تەشكیلاتی حیزبەوە دەگرێ و وەک ئەندامێکی نهێنی لە نێوخۆی وڵات دەست دەکات بە کار و تێکۆشانی حیزبی. هاوڕێ جەماڵ ئیسماعیلی ئەندامێکی بەتوانا، تێکۆشەر و بە دەستوبرد و دڵسۆز بوو کە جگە لە ڕاپەڕاندنی کارە حیزبییەکانی، هاوکار بوو بۆ ئەندامانی دیکەی حیزب هەتا بەباشی کارەکانیان بەڕێوە بچێت.

لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، بەهۆی ئاشکرا بوونی، جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکات و درێژە بە تێکۆشانە بێ‌پسانەوەکەی دەدات.

لە تەمەنی پێشمەرگایەتی‌دا، چەندین مەئمووریەتی گرینگ و مەترسیداری لە نێوخۆی وڵات بەڕێوە برد و سەرەڕای بریندار بوونی، سڵی لە تاپۆی نەحس و زاری بێ پەرژینی زۆرداران نەدەکرد و هەموو کات ئامادەی ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکانی بوو. دڵی قاسەی داخراوی نهێنییەکانی هاوڕێیانی بوو و بەهۆی ئەخلاق و ڕەوشت بەرزییەوە، ببووە چەپکە گوڵی کۆڕی شایی دۆستانی. بە دڵە گەورەکەیەوە لەگەڵ چووکدا چووکتر دەینواند و تاسەباری ئازادیی نیشتمانەکەی بوو.

لە نەورۆزی ٩٥دا، کە پەیامی شۆڕشی نوێ بووە مژدە دەری هیوا و خولیاکانی، کاک جەماڵ بە شاگەشکەییەوە ڕوو لە ئازیزانی دەیوت: ئێمە لە ڕەگەزی خۆرین، تین و تاوی ناخمان هیوا بەخشی باخچەی ژاکاوی خۆرهەڵاتە، ئێمە فڕین لە باڵندەی ئازادییەوە فێر بووین، فڕینی ئەمجارەمان بۆ پێدەشتی عەشق و ژینە، ژینێک کە بۆ دەستەبەرکردنی، نرخی دەوێ.

هاوڕێی سەروەر عومەر حسەینی:

هاوڕێی شەهید سەید عومەر حسەینی كوڕی سەید قادر، خەڵكی گوندی بێژاوێی سەر بە ناوچەی شنۆ، ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەكی بەناوبانگی ناوچەی شنۆ لەدایك بوو.

ساڵی ١٣٧٨ بووە پێشمەرگە و هەتا ساڵی ١٣٨٠ درێژەی بە خزمەتی پێشمەرگایەتی دا. هەر لەو ساڵەدا نەقڵی ناوەندی ٣ی كوردستان كرا.

دواتر هەر لەو ساڵەدا كاك سەید عومر لە لایەن حیزبەوە بۆ مەئمووریەتێكی حیزبی نێردرابوو بۆ نێوخۆی وڵات ‌و لەوێ‌ سازمان درا.

دوای یەك ساڵ كار و تێكۆشان، لە لایەن ڕێژیمەوە گیرا و بە زیندانی درێژماوە حوكم درا. هاوڕێی شەهید، دوای دوو ساڵ تێپەڕین لە ماوەی زیندانەکەی، لە ساڵی ١٣٨٢ بە کەڵک وەرگرتن لە مەرەخەسی، لە زیندان هاتەدەر ‌و خۆی گەیاندەوە نێو ڕیزەكانی حیزب. پاشان ڕێگای دەرەوەی وڵاتی گرتەبەر ‌و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ‌ بوو. دوای وەرگرتنی ئیقامەی وڵاتی سوئێد، دەستی لە كاروباری حیزب شل نەكرد‌ و درێژەی بە كاروباری حیزبی لەو وڵاتە دا. ئەو لەو بەشەشدا سەركەوتنی بەدەست هێنا و بوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوچەی ئۆروبروز. هەروەها بوو بە ئەندامی ناوەندی یەكیەتی كوردان.

دواجار پاش بڕیاری ڕێبەریی حیزب لە ساڵی ١٣٩٥ بۆ گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ، لە خۆشی‌ و ئاسوودەیی ژیانی وڵاتانی ئورووپایی دەستی هەڵگرت‌ و لە خۆشەویستەكانی و خێزان‌ و كچە خنجیلانەكەی ماڵئاوایی كرد‌ و گەڕایەوە كوردستان‌ و خۆی بە بنكەكانی حیزب لە سنوورەكانی كوردستان ناساند و چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و وێڕای شێرەکوڕانی ناوچەی شنۆ، بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێک کاروباری حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لە ڕەوتی حەماسەی قەرەسەقەڵ قارەمانانە بەرگری لە باوەڕە پیرۆزەکەی و خەڵک و خاکی کوردستان کرد و سەلماندی کە ئازادیخواز بوون لە ناخ و خوێنیدایە و سنوور ناناسێت.

کاتێک کە داوای گەڕانەوە بۆ کوردستان و زێدی باب و باپیرانی کرد وتی: ڕێبەرانی پێشەنگ و مامۆستامان فێریان کردووین، بە شەهید بوونی هاوسەنگەرانمان، ورەمان ناڕووخێ و هەنگاومان شل نابێت و ناگرین، بەڵکوو خەباتمان شێلگیر و سەنگەرمان ئاوەدانتر دەکەین و باوەڕی قووڵمان بەوەیە: گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات.

هاوڕێی سەروەر خالید پەیغامی:

هاوڕێ شەهید محەممەد خالید پەیغامی، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری گوندی رزیوێی شاری شنۆ لەدایک بوو. ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی دەچێتە قوتابخانە و هەتا ساڵی ٧٥ی هەتاوی تا پۆلی یەکەمی ناوەندی دەخوێنێت.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، پەیوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە دەگرێت و وەک ئەندامێکی چالاک ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە دەبات و کۆمەڵێک گەنج و لاوی هاوڕێی خۆی لە دەوری ئامانجەکانی حیزب کۆ دەکاتەوە و تەشکیلاتێکی چالاک و ڕێك‌وپێك لە هاوڕێیانی خۆی پێك دێنێ‌ ‌و زۆر چالاکانە كاروباری حیزبی لە شنۆدا بەڕێوە دەبات. دوای ئاشکرا بوونی، ڕوو لە بنکەکانی حیزبە خۆشەویستەکەی دەکات و جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکات و تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئەمەگناس دەبێت بە حیزبەکەی و ئامانجەکانی.

هاوڕێ خالید تاوناتاوێ بە ئاخی ناخی پڕ گڕوتینی دەیڕوانییە داهاتوو و هەموو کات بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەوت؛ ئێمە دەبێ لە ڕێبەری هەردەم زیندوومان شەهید قاسملووەوە فێر بین کە خەبات بکەین بۆ ئازادی، تەنانەت ئەگەر لەم پێناوەشدا شەهید بین، شانازییە، هەرچەند کە ئێمە بۆ شەهیدبوون تێ‌ناکۆشین، بۆ ژیان ئەژین، ناژین بۆ مردن، گەر مەرگێک لەپێناو کوردستان‌دا بێ، هەزار ژیانی بە قوربان بێ.

شەهید خالید پێش لە سەفەرە بێ‌گەڕانەوەکەی بە یەکێک لە دۆستانی وتووە: ئێمە کاروانی ڕێبازێکین، دەزانین چمان کردووە، لە کوێداین و بۆ کوێ دەچین و دەبێ چی بکەین و ئاکامەکەشی ڕوونە لەلامان، بۆیە نرخ و قوربانی دان، سروشتی ئاسایی هەموو شۆڕشێکی ڕەوایە.

لە تاو گەرم بوونی نیوەڕۆدا، پێشمەرگەکانی دێموکرات لە قەرەسەقەڵی شنۆ کەوتنە گەمارۆی هێزە چەپەڵەکانی نەیاری کورد و کوردستان، تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان سەری ئازادی ببڕن، بەڵام نەیاندەزانی ئەوانەی هاتوونەتەوە ڕێبواری ڕێبازێکن کە مانای ژین و سەربەستی فێر کردوون؛ ئەوان بە لووتکە گەیشتوون و دەزانن کە ژیان لە ئازادی و هەڵمژینی هەوای بێگەردی ئازادی چ مانایەکی هەیە و لەبەرانبەریشدا ژیان لە ژێرچەپۆکەیی و بە کۆیلەیی چەندە سەخت و بێ‌مانایە؛ ئەوان ئەو کۆترانە بوون کە ئەم پەیامەیان بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی پێ بوو؛ ئەوان تەنیا چەند پێشمەرگە بوون، زراوی زەریای تاوانیان ڕشت، شکۆی شەیتانی تارانیان کوشت؛ ئەوان فێر بوون لە پێناوی ستەم بڵێن نا!

بەرانبەر هێزی داگیرکەر بڵێن نا! کاتێک لە دڵی هەواری لادێیەکدا خۆیان خستە باوەشی دایکی نیشتمان، مار و دووپشک چزوویان لێ تیژ کردن و بۆسەیان بۆ دانان، خافڵ لەوەی قرمژنی چەکی دەستیان مۆسیقای یەکەم دیلانی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتە. شەڕێکی نابەرانبەر لەنێوان هێزی زۆر و زەوەندی تاریکی و پۆلێک پێشمەرگەی تەیار بە چەکی ئیمان و بڕوا هاتە ئاراوە کە تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا؛ چالاکییەکی داگیرکەر بەزێن کە ئەنجامەکەی شکانی قەپۆزی تاریک پەرستان بوو لە شارەکەی عومەر قەیتەران و براییم باشوو. ئەمڕۆ محەممەدی عەلی پیرەژنە و هەمزە بێهنام میوانداری ٦ ڕێبواری بەئەمەگی ڕێبازی شەهیدان دەکەن، ڕێبوار و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیشتان بریاریان داوە ئەوان به‌خاك نەسپێرن، بەڵکوو به‌ دڵ و گیان و هزریان بسپێرن و درێژە بە ڕێبازەکەیان بدەن.