کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا دەیهەوێت ٥ بەرپرسی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەی دەر بکات

11:02 - 13 پووشپەڕ 2724

هەواڵدەریی "گڵۆباڵ نیووز"ی کانادا ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە دەوڵەتی کانادا ٥ بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی کە پێشتر ئیقامەی ئەو وڵاتەیان وەرگرتووە، دەر بکات.

ئەم هەواڵدەرییە لە زاری ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کاناداوە بەبێ ئەوەی کە ناوی ئەم کەسانە بدرکێنێت، ڕایگەیاندووە کە ئەم ٥ کەسە لە دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسیارەتییەکی باڵایان هەبووە.

گڵۆباڵ نییوز داوا لە لیژنەی کۆچبەران و پەنابەریی کانادا دەکات تاکوو کۆبوونەوەکانی دادگا سەبارەت بە دۆسییەی دەرکردنی ئەم ٥ کەسە بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوە ببات.

بە وتەی ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کانادا ئەم داواکارییە لە چوارچێوەی سزا پەسەندکراوەکانی سالی ٢٠٢٢ی زایینیە کە ڕێگری دەکات دەیان هەزار کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بچنە وڵاتی کاناداوە.

سزاکانی ساڵی ٢٠٢٢ پاش خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاوە.

هەر لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی کانادا بەپێی ئەم سزا پەسەندکراوانە پێشتریش دوو کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ناوەکانی "سەلمان سامانی" و "مەجید ئیرانمەنێش"ی لە وڵاتەکەی دەر کرد.

جیا لە هەموو ئەمانە دەوڵەتی کانادا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی فەرمی سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە قەڵەم دا.