کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ سەروشوێن بوونی دوو چالاکی کرێکاریی کورد لە سنووری بانە

14:56 - 24 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: دوو چالاکی کرێکاریی کورد و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان بێ سەروشوێن بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوو چالاکی کرێکاریی کورد بەناوەکانی ئەفشین نەدیمی و مێهرداد سەبووری حەفتەی رابردوو لە کاتی گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستانی باشوورەوە لە ناوچەی بانە بێ سەروشوێنن.
ئەو دوو کرێکارە ماوەیەک بوو بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانیان چووبوونە هەرێمی کوردستان و لە کاتی گەڕانەوە هەتا ئێستا بێ سەروشوێنن و هیچ زانیارییەکیان لەسەر نییە.
ئەو دوو کرێکارە دوایین جار کە هاتوونەوە نێو خاکی ئێران پێوەندییەکی تەلەفوونییان لەگەڵ یەکێک لە دۆستانی خۆیان ئەنجام داوە کە لەو کاتەوە هەتا ئیستا لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.