کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران

19:59 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لەم دواییانە، جیا لە ٤ پارێزگای کوردستانی ئێران، پارێزگای خوراسانی باکووریش کە یەکێک لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێرانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری بەرەڕوو بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نرخی بێکاری لە ١٩ پارێزگای ئێراندا بەردەوام رووی لە هەڵکشان دایە.

بەپێی نوێترین ئاماری بڵاوکراو، دانیشتوانی پارێزگاکانی خوراسانی باکوور، ئیلام و کرماشان بێکارترین کۆمەڵی خەڵکی ئێران پێک دێنن.

کەمبوونەوەی ٥٣ هەزار کەسی سەرقاڵ لە بەشی کشت‌وکاڵدا یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانە.

ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایین راپۆرتی خۆیدا کە لە رۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بڵاو بووەتەوە، نێونجی نرخی بێکاریی لە ناو لاوانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٩ ساڵی ئێرانی، لەسەدا ٢/٢٠ بەراورد کرد.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو نرخی بێکاری لە نێو ژناندا بەرزبوونەوەیەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە.

گەمارۆ ئابوورییە پەسندکراوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن یەکیەتی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی چەند ساڵی رابرددوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە قەوارەی ئابووری ئێران بە توندی زیانی پێ بگات و ئەوەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی رەخساندنی هەلی کار و بەرزبوونەی نرخی بێکاری دێتە ئەژمار.

دوای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ئێران داخران یان لە حاڵەتی نیوە چالاک درێژەیان بە کارەکانی خۆیان داوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لەسەدا ٧٠ی یەکەکانی بەرهەمهێنەر و پیشەیی لە پارێزگاکانی ئورمیە، کوردستان و کرماشان بە هۆی نەبوونی سەرمایەگوزاری و گەمارۆ ئابوورییەکان داخراون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە سەدان هەزار کەس لە حەشیمەتی ئەو پارێزگایانە بێکار بن.

بێکاری دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە بەردەوام رووی لە زیادبوون دایە و بەرپرسان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەکردنی ئەو گرفتە هەڵناگرن.

بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەست‌دایە، هەنووکە دەرچوانی زانکۆکان زیاتر لەسەدا ٣٠ی کۆی گشتیی بێکارانی کۆمەڵگای ئێران پێک دێنن وئاماری بێکارانی خاوەن بڕوانامەی کارناسی و سەرەوەتر لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بۆ ٥ میلیۆن کەس بەرزتر دەبێتەوە.

بە وتەی کارناسان، بەڕێوەنەبردنی هاوتەریبی فێرکاریی تێیۆریک و پێداویستییەکانی بازاڕی کار، لەبەرچاو نەگرتنی پێداویستیی کۆمەڵگا و لقی خوێندن خوێندەواران، بەڕێوەچوونی مێکانیزمی لۆکاڵی لە زانکۆکان، وەرگرتنی خوێندکاران بێ سەرنج دان بە بازاری کار و نەبوونی لێهاتوویی و بەکاهاتوویی خوێنداکاران لە پیشە و کاری پەیوەندیدار بە لقی خوێندنیان لە گرینگترین هۆکارەکانی بێکاریی دەرچوانی زانکۆکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێ.