کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی قوتابخانەیەکی سەقز داوای ٥٠٠ هەزار تمەنیان لە قوتابییان کردووە

12:50 - 5 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: قوتابخانەی دواناوەندیی ٢٠٠ کەسیی قشڵاخی پرد لە ناوچەی سەقز بە قوتابییانیان راگەیاندووە، هەر قوتابییەک دەبێ لە مانگێکدا ٥٠٠ هەزار تمەن بۆ قوتابخانە دابین بکات.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەرپرسانی قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی گوندی \'\'قشڵاخی پرد\'\'ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز، داوای مانگانەی ٥٠٠ هەزارییان لە قوتابییان کردووە و هەڕەشەی دەرکردنیان لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە لە قوتابییان کردووە.
قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی قشڵاخی پرد ٢٠٠ قوتابیی هەیە و بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری و کەمیی داهات و بێکاریی زۆربەی بنەماڵەکان، توانای دابین کردنی مانگانەی ٥٠٠ هەزاریان بۆ منداڵەکانیان نییە.
بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە هەڕەشەیان کردووە، ئەو قوتابییانە کە ئەو بڕە پارەیە بۆ قوتابخانە دابین ناکەن لەو قوتابخانەیە دەردەکرێن.
بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.
بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرانبەر، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.
هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن، دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت: دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیەیی وڵات بە شێوی بێ بەرانبەر پەرەپێ بدات\'\'.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا، هیچکام لەو یاساگەلە رەچاو ناکرێ و بگرە رێژیمی ئێران خۆی رێخۆشکەر و هۆکاری سەرەکیی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خۆشیەتی.