کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ پارلەمانتارێک و دەزگای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کۆ بووەوە

22:50 - 1 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، چەند دیدارێکی دیپلۆماتیکی لەگەڵ پارلەمانتارێک و دەزگای سیاسیی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا پێک هێنا.

ڕێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی،، لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ پەرلەمانتارێک و دەزگای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا کۆ بووەوە.

لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان‌دا ئەحمەدی لەگەڵ کۆرنێلیا ئێرنست، ئەندام پارلەمان و ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران کۆبووەوە.

تەوەری باسەکانی ئەم کۆبوونەوە بریتی بوون لە هەلومەرجی سیاسی و مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

ئەحمەدی لەم کۆبوونەوەدا هێمای بەو ڕاستییە کرد کە بە پێچەوانەی نەزەری هەندێک لایەن، دوای هاتنە سەرکاری ڕووحانی هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران خراپتر بووە و نیشانەیەکی ئەم ڕاستیە ئەوەیە کە ڕێژەی ئیعدامەکان زیادی کردوە.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا فوکوسی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر هەلومەرجی نالەباری سیاسی و مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران، لە ڕێگای سنووردار کردنی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە پرسی ڕێکەوتنی ناوکی هەڵبگرێت.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە نابێ ئەندامانی هەیئەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران، ڕێگا بدەن کە کۆماری ئیسلامی هەست بکات کە ئورووپا ناوێرێ باسی هەلومەرجی مافی مرۆڤ و سیاسیی ئێران بکات، بە هۆی ئەوە کە گرفت بۆ ڕێککەوتنە ناوکیەکە دروست بکات. لە درێژەی باسەکانی‏دا ئەحمەدی هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە کردار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئێران بەبێ چەکی ناوکییش، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانە بۆ ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست‏دا.

کۆرنێلیا ئێرنست ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی لەسەر هەڵوێست و کرداری هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا دوای ڕێککەوتنە ناوکیەکە و گوتی کە؛ ئورووپا هەڵە دەکات ئەگەر پێی وابێ کە ئێران کردار و هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێ و ڕۆڵی ئەندامانی پەرلەمانی ئورووپا ئەوەیە کە هەمیشە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و ئازادی بکەن و لە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا، نابێ ئەم پرسانە لە پەراوێز بخەن.

لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان، ئەحمەدی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ دوو بەرپرسی دەفتەری ئێرانی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کۆبوەوە. لەم کۆبوونەوەدا باس لەسەر ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و هەڵوێست و کرداری وڵاتانی ڕکابەری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کرا.

لەم پێوەندییەدا ئەحمەدی نیگەرانیی حیزبی دێموکراتی دەربڕی لە پێوەندی لەگەڵ بێدەنگیی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر سیاستە توندوتیژەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆی ئێران و لە وڵاتانی ناوچەکە. لەم پێوەندییەدا ئەحمەدی گوتی کە؛ یەکیەتیی ئورووپا هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر پێی وابێ کە بە هۆی ڕێککەوتنە ناوکیەکەوە و سەرمایەگوزاری لە ئێران، دەتوانێ ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەت و کرداری کۆماری ئیسلامی‏دا بهێنێ، بە پێچەوانەوە ئێران پێی وایە کە بە هۆی ئەم پێوەندیانەوە دەتوانێ پەرە بە سیاسەتە توندوتیژەکانی خۆی بدا و لەو باوەڕەدایە کە یەکیەتی ئورووپا هیچ هەڵوێستێکی نابێ.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە ڕەقیبەکانی ئێران لە ناوچە نیگەرانن لە پەرەپێدانی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دراوسێ و ئەم نیگەرانییە وا دەکات کە ئەم وڵاتانە درەنگ یان زوو لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی‏دا ڕاوەستن. سەبارەت بە بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات، ئەحمەدی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، درێژەی دەبێ و حیزبی دێموکرات ئامادەیە لە هەموو شێوازەکانی خەبات کەڵک وەربگرێ بۆ ئەوە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەستەبەر بکات.