کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی خەڵک لە بایکۆت/ پەلەقاژەی ڕێژیم بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان

12:21 - 12 پووشپەڕ 2724

پێداگریی ژمارەیەک لە چالاکان، کەسایەتییە ناسراوەکان و بەندکراوانی سیاسی سەبارەت بە دەنگنەدان و بەردەوامبوون لە سەر بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە هەینیی داهاتوو.

عەبدوڵلا ناسری بەڕێوبەری پێشووی هەواڵدەریی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بەوەی کە گوتاری باڵادەست و زاڵ لە ئێراندا لاچوونی نیزامە ڕایگەیاند، تا کاتێ کە کۆماری ئیسلامی بەردەوامە باشترین و کاریگەرترین ئامراز بۆ خەباتی مەدەنی، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانە.

بەڕێوبەری پێشووی هەواڵدەریی ئیرنا لە نووسراوەکەیدا کە لە کاناڵی تێلێگرامی "کەلەمە" بڵاو بووەتەوە زیادی کردووە کە لە ئێستادا زۆرینەی خەڵکی ئێران دژی حاکمییەتی ئایینیی وەلی فەقێن و ڕێفۆڕمخوازەکانیش دەبێت دەرک بە درۆبوونی ئەم هەڵبژاردنانە بکەن.

ناسری بە ئاماژەدان بە درز و دوو بەرەکییەک کە کەتووەتە نێو سپای پاسدارانەوە ڕایگەیاند کە ئەمە دەستکەوتێکی گرینگە بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەموو سێکۆلارەکانی ئێران.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە لە کۆتاییدا تەنیا ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆمار کە بژاردەی خامنەییە و هەروەها زیادی کردووە بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوو بەشداریکردن لە خولی دووهەمدا کەمتر دەبێت.

لە پێوەندیی لەگەڵ بەردەوامبوون لە سەر بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان حامد ئیسماعیلیوون ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ بە دانانی پۆستێک لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "دێموکراسی نە بە دەنگدانێکی ئەندازیاریکراو بەڵکوو بە تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی بەدی دیت.

هەر لەم چوارچێوەدا کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤیندا لە نامەیەکی سەرئاوەڵا ڕایانگەیاندبوو کە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بەشداری ناکەن و هەڵبژاردنەکەیان وەک هەوڵێکی بێسوودی حکوومەت بۆ دەربازکردنی خۆی لەم دۆخە و ڕەوایی وەرگرتن لە قەڵەم داوە.

فرووغ کەنعانی توێژەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بەردەوامبوون لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە ١٥ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنە حکوومەتییەکان و بایکۆتکردنی، هەوڵێکی دروستی سیاسییە کە دەتوانێت دەنگی ناڕازییان بە باشی بگەیەنێتە گوێی دەسەڵات و هەموو وڵاتانی جیهان.

ڕێژیم لە ئێستادا ترسێکی گەورەی لێ نیشتووە کە لە ماوەی یەک حەفتەدا بۆ جارێکی دیکە کەمترین ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانیدا تۆمار بکرێت و هەر بەم بۆنەوە کەوتووەتە پەلەقاژە و بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لە هەوڵدایە تاکوو خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان.