کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لەكۆبوونەوەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان

15:34 - 14 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لە٥٠ هەمین خولی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە پێوەندیی بەئێرانەوە هەبوو، بەشداریی كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كۆمیتەی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ تاوتوێ كردنی پرسی جێبەجێكردنی كۆنڤوانسیۆنی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری لەلایەن ئێرانەوە، لە ژنێڤ لە وڵاتی سویس كۆبوونەوە.

كۆنڤوانسیۆنی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری، یەكێك لەو پێنج كۆنڤوانسیۆنەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە كە ئێران ئیمزا و پەسندی كردووە و دەبێ هەر چوار ساڵ جارێك راپۆرتی كاری خۆی پێشكەش بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ بەسەرپەرستی تەیموور ئەلیاسی وەك تەنیا لایەنی كوردستانی بە شێوەیەكی فەرمی بە پێشكەش كردنی راپۆرتێك بەشداریی كۆبوونەوەكە بوو.

تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان لە راپۆرتەكەیدا باسی پێشێلكردنی كۆنڤوانسیۆنی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوریی لەلایەن ئێرانەوە كرد و چەندین نموونەی پێشێلكاری دژی گەلانی ژێر ستەمی ئێران بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بەندانەی خوارەوەی كۆنڤوانسیۆنی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خستەڕوو:

مافی خوێندن بە زمانی دایك (مادەی ١٣) ـ مافەكانی كولتوری (مادەی١٥) ـ هەڵاواردن (مادەی ٢) ـ مافی ژیانێكی شیاوی سەردەم (١١) ـ مافەكانی دابین كردنی كۆمەڵایەتی (مادەی ٩) ـ مافی هەبوونی دۆخی گونجاو بۆ كار (مادەی٧) و مافی كار (مادەی ٦).
هەر لەو پێوەندییەدا شاندێكی رێژیمی ئێرانیش بەشداری كۆبوونەوەكە بوون و ئەو شاندە لەهەوڵی ئەوەدا بوو كە كۆبوونەوەكە بە لاڕێدا ببەن و خۆیان لە وڵام دانەوەی پرسیارەكان ببوێڕن و چەندین جاریش هێرشیان كردە ژمارەیەك لەنەتەوەكانی ئێران و بە عەشیرەت ناویان هێنابوون.
لەوڵامی شاندی رێژیمی ئێران بەرێز زدزیسلاو كدزیا سەرۆكی كۆمیتەی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای هوشداری دان بە لێپرسراوانی رێژیم داواشی لێكردن كە مەسەلەكە بەلاڕێدا نەبن.

راپۆرتی كۆتایی كۆبووەنەوەكە رێكەوتی ٢٧ی بانەمەڕ (١٧ی مەی) لەلایەن كۆمیتەی مافەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتوری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە.