کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەمین \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵات\'\' لە هەولێر

20:53 - 30 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: لاوانی کوردستانی ئێران یەکەمین کۆنفرانسی خۆیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرانی رێکخراوەکانی لاوان و لاوانی سەربەخۆی ئەو بەشەی کوردستان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، یەکەمین \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\' بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی ساتێک بێ دەنگی بۆ رێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.
لەو کۆنفرانسەدا ١٧٠ ئەندام، ٤٥ میوان و نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەشدار بوون.
پەیامی کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن فواد جەعفەری، بەرپرسی ناوەندی لاوانی رێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش جەلال ڕەوانگەرد جێگری سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی ئەو کۆنفرانسەی \'\'روو لە لاوانی کوردستانی ئێران\'\'، پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
پەیامی \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵات روو لە لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان\'\' لەلایەن کارۆ کەنکاش ئەندامی رێبەری گرووپی کاری قوتابییان و لاوانی پارتی ئازادیی کوردستان بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەی بەخۆوە تەرخان کردبوو.
لە کۆتایی بەشی کردنەوەی ئەو کۆنفرانسەدا پەیامی \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە خەڵکی کوردستانی ئێران لەلایەن تەوار شەریفی بەرپرسی لاوانی یەکیەتیی شۆڕشگێر خوێندرایەوە.
\'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\' لە پێنج پانێل پێکهاتبوو کە هەر کام لە پانێلەکان کۆمەڵێک باسی پێوەندیدار بە کاروباری لاوان و بە تایبەت لاوانی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.
پانێلی یەکەم

لە پانێلی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، باسێک لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەی کۆچی لاوانی کوردستانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات لەلایەن لەیلا محەممەدی ئەندامی بەڕێوبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لە بەشی دووهەمی پانێلی یەکەمی ئەو کۆنفرانسەدا کۆسپەکانی وەدەسهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی ئێران لە چۆارچێوەی باسێکدا لەلایەن کاوە کەریمییەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.
پانێلی دووهەم

بەشی یەکەمی پانێلی دووهەمی \'\'کۆنفرانسی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\'، بە پێشکەشکردنی باسێک لە پێوەندی لەگەڵ \'\'رۆڵی لاوان لە خەباتی ئازادیخوازانە لە کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'ئەمیر عەبدوڵڵازادەوە پێشکەش کرا.
ئیعدام و دەسبەسەرکردنی لاوان لە کوردستانی ئێران باسێکی دیکە لە پانێلی دووهەمی ئەو کۆنفرانسە بوو کە لەلایەن هۆزان سارەوانـەوە پێشکەش کرا.
پانێلی سێیەم

هەوڵنێری کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی یەکەمین \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\'، رایگەیاند: پانێلی سێیەمی ئەم کۆنفرانسە دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەڕێوەچوو.
لەم پانێلەدا رێباز کەریمی باسێکی لەسەر ئیسلامی سیاسی و ئاکامەکانی لە کوردستانی ئێران هێنایە بەر باس کردن.
لە بەشی کۆتایی پانێلی سێیەمدا باسێکی‌تر لە پێوەندی لەگەڵ ئەنفالی سپی و کاردانەوەکانی لەسەر لاوانی کوردستانی ئێران لە لایەن هۆگر محەممەدی ئەندامی ناوەندی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
پانێلی چوارەم

بریارنامەکان و راسپاردەکانی یەکەمین کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\' لەلایەن فوادخاکی‌بەیگی سکرتێری گشتی یەکییەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا و بە زۆرینەی دەنگی نوێنەرانی کۆنفرانس پەسند کرا.
پەیامی کۆنفرانس سەبارەت بە حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەلایەن هەڵگورد کامیارانییەوە خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی \'\'کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە کۆمەڵگای جیهانی لەلایەن فیرووز مامۆیی وتەبێژی رێکخراوی لاوانی پێشڕەو لە کوردستان، پێشکەش کرا.
لە بەشی دیکەی پانێلی چوارەمی یەکەمین کۆنفرانسی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\'، باسێکی دیکەی لەسەر ویست و داخوازییەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لەلایەن تەوار شەریفییەوە پێشکەش کرا.
پانێلی پێنجەم
لە بەشی کۆتایی ئەو پانێلە لە کۆنفرانسەدا باسێک لەسەر چۆنییەتیی پێشەکی ئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەلایەن سامان فەقێ نەبی سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانـەوە پێشکەش کرا.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا پەیامی کۆتایی کۆنفرانس لەلایەن سەید جەلال ساڵحی جێگری سکرتێری \'\'یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان\'\'ـەوە خوێندرایەوە.