کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ٧ رێکخراوه‎ی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات، بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر

14:35 - 3 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی \'\'کوردستانی میدیا\'\' گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

توندوتیژی یەکێکە لە دیاردە ترسناکەکانی جیهان، کە هەڕەشەیەکی تەواو لە بونیادی کۆمەڵگا دەکات. هەموو چەشنە رەفتار و هەڵسوکەوتێکی توند و گرژ چ لە ئاستی کەسی و چ لە گشتیدا، کە لەسەر بنەمای رەگەزیی روو دەدا و دەبێتە ‌هۆی ئەشکەنجە و ئازاری رەگەزیی و رۆحی، یان فیزیکی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ژنان، بە توندوتیژی دژ بە ژنان ناوزەد دەکرێت و لەقەڵەم دەدرێت. ژنان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان هەموو ساڵێک لە رۆژی ٢٥ی نۆڤامبر، رۆژی جیهانیی خەبات لە دژی سڕێنەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە لەلایەن کۆمەڵگای پیاوسالارییەوە، لە شوێنی کار، کۆمەڵگا و بنەماڵەدا بە سەریاندا دەسەپێ، بە وەڕێخستنی خۆپێشاندان، کۆبوونەوە و دەرکردنی بەیاننامە و ... هتد، مەحکوم دەکەن. تەنیا لە ئاکامی هەوڵ و خەباتی لێبڕاوانەی رێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی ژنان و فشاری بیروڕای گشتی عەداڵەتخوازانەی جیهان بوو کە لە ١٧ی دێسامبری ١٩٩٩ کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ٢٥ی نۆڤامبر بەرامبەر بە ٤ی سەرماوەزی وەک رۆژی جیهانیی سڕینەوەی توندوتیژی ‌لە دژی ژنان راگەیاند.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخووندان زیاتر لە ٣ دەیەیە کە بە پاڵپشتیی یاسا و رێسای دواکەوتوانەی حکوومەتی، بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی ژنان توندوتیژی دەکات. هەڵاواردنی جینسی و سووکایەتی رۆژانە بە نیسبەت ژنان بۆتە پێناسە و بەشێکی جیانەکراوە لە ناوەڕۆکی رێژێمی ئێران، ئەگەر توندوتیژی بەشێک لە دیاردە چارە هەڵنەگرەکانی کۆمەڵگایە کە بە شێوازی جۆراوجۆر بە سەر چینی کرێکار و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگا دادەسەپێندرێ و ژنان بەشی سەرەکی قوربانییانی ئەم توندوتیژییانەن، لە نیزامی ئاخوندیدا، ئەوا پاڵپشتی یاسا و رێسا حکوومییەکانیشی دەچێتە پاڵ و ئەو ستەم و ناعەداڵەتییانە بە قانوونی دەکرێن. ئەگەر بمانهەوێ ئاوڕێک لە رەوشی ژنان لە ناوچەکەدا بکەین نکۆلی لەوە ناکرێت کە ژنان رۆڵێکی گەورەیان بینیوە و دەیبینن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا لە ئەنجامی شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، ژنان لە رۆژانی شۆڕشدا لەپاڵ پیاواندا بەشداری بەرچاویان هەبووە لە خۆپیشاندانەکان و لە رێکخستنی لیژنە شۆڕشگێڕییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوە ژنان لە قۆناغی شۆڕش و پاش رزگاریش بەرەوڕووی گەلێک توندوتیژی و نەهامەتی هاتوون و هیچ دەستکەوتێکی نوێیان لەو گۆڕانکارییانەدا دەستەبەر نەکردووە و مافەکانیان بە بەردەوامی زەوت دەکرێت.
خەبات کردن دژی توندوتیژی پڕۆسەیەکی درێژخایەن و هەمەلایەنەیە و تەنیا بە یادکردنەوەی ئەو دیاردە دزێوە لە رۆژێکدا کۆتایی پێ نایەت و لەو بارودۆخەشدا ژنی کورد پێویستە دەورێکی بەرچاوی هەبێ لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و پێویستە لە پێناو دادپەروەریی کۆ‌مەڵایەتی، سیستمی پیاوسالاری و بندەستی نەتەوەیی و کولتووری کۆنەپەرستانەی رێژیمی ئێران بەردەوام لە تێکۆشاندا بێت. توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەی جۆاروجۆر پەرەی سەندووە کە هەموو کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی و چالاکانی بواری ژنانی نیگەران کردووە. لە رێژیمی ئێراندا قاچاغی کچان و ژنان و توندوتیژیی جینسی و کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەناوی جیاجیاوە لە پەرەسەندن دایە. ئاستی کولتووری دژە ژنی زیادی کردووە. لەشفرۆشی بۆتە دیاردەیەکی قیزەونی کۆمەڵگا. نەریتی تاسەر ئێسقان دژی ژن و دژی ئینسانیی خەتەنەی کچان، یاسا و کولتووری فرەژنی بە شێوەیەکی سامناک بەرەوسەر هەڵکشاوە. مارەکردنی کچانی خوارتەمەن ١٨ ساڵ لە دەرەوەی دادگا زۆر بەرچاوە. لە ئێران کەش و هەوای سەرکوت بە دژی چالاکوانانی مافی ژنان رووی لە پەرەسەندن کردووە کەلە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دەیان کەس لە کەسایەتییە چالاک و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، دەسبەسەرکراون کە کاردانەوەی نێونەتەوەیشی لێکەوتەوە ئیستاشی لەگەڵ بێت بە دەیان زیندانیی سیاسیی ژن لە گرتووخانەی ئەوین و زیندانەکانی دیکەی ئێران و کوردستاندا هەن کە تەنانەت ئیزنی چاوپێکەوتنیشیان نییە و تەنانەت سزای وەک زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە. بە گشتی توندوتیژی بە دژی ژنان ساڵانێکە وەک پڕئازارترین نەخۆشییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خۆی دەرخستووە و ئەم خەسارە لە کۆمەڵگا دواکەوتوو و ئایینییەکان کە یاسا ئایینیەکان رۆڵێکی بەرچاو و چارەنووسساز لە سیستەمی ئیداری و حکوومەتیەکەیدا دەگێڕن و شوێندانەریی نەرێنییان لەم پێوەندییەدا هەیە، بە شێوەی بەردەوام زیانی گەیاندووە بە ژنان و بە گشتی ئەو جۆرە کۆمەڵگایانە بەرهەمهێنەری توندوتیژی بوونە. دوای لێکۆلێنەوەکان لە ٥٠ وڵاتی جیهان دەرکەوتووە، لەسەدا ١٠ تا ٥٠ی ژنان بە جۆرێک لەلایەن هاوسەرەکانیان دەکەونە بەر کردەوەی توندوتیژیی جەستەیی و نیزیک بە یەک لەسەر سێ و نیوی نموونەکانی توندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی دەروونیشی بە دواوە بووە.
لە هەر ١٨ خولەکدا لە جیهان ژنێک دەمرێ و ئەم ئامارانە بە شێوەی گشتی دەرخەری بارودۆخی نالەباری ژنانە و ئەمە تەنیا گۆشەیەکی بچووک لەو هەموو توندوتیژییانەیە کە بەرامبەر بە نیوەی حەشیمەتی جیهان رەوا دەکرێ.
لەم بۆنەیەدا رادەگەیەنین کە لەپێناو بن‌بـڕکردنی شێوازەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەرک و بەرپرسایەتییەکی گرینگ و مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی چالاکانی ژنان، دەزگاکانی راگەیاندن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ریکخراوە سینفییەکان و میدیاکان، کە لە سەروو هەموو ئەوانە یاسا و حکوومەت دەتوانن باشترین رۆڵ و بەرپرسایەتی لەم پێناوەدا بگێڕن و میکانیزم دابنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان، بەدواداچوون بکەن بۆ کێشە پێوەندیدارەکان بە توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، کۆڕ و سیمینار پێک بێنن و راپۆرتی وەرزانە لەبارەی کێشەکانی ژنانەوە ئامادە بکەن و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن زۆر پێویستە کە ئیمکاناتی خۆیان بۆ پرۆژەی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ئاست کێشەکانی ژنان و کەمکردنەوەی دیاردەکە بەکار بهێنن نەک تەنیا هەواڵی کوژران و سووتان بڵاو بکەنەوە، هەروەها هەردەم هاوکاربن بۆ رێکخراوە مەدەنی و سەنتەرەکانی داکۆکی کردن لە ژنان هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لە هەر چین و توێژێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە بن‌بڕکردنی دیاردەی توندوتیژی و ئەمەش مایەی بەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی بەختەوەرە لە ئێستا و لە داهاتوودا. ‌لە کۆتاییدا دەڵێین رزگاری و بەرابەری ژن و پیاو و لابردنی هەر جۆرە توندوتیژییەک بە دژی ژنان کاتێک مسۆگەر دەبێ، کە خەباتی بێ وچانی بۆ رێک بخەین.

سەرکەوێت خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و بەرابەری


ئاسۆی ژنی کورد
رێکخرای ئازادیی ژنانی کوردستان ــ نینا
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتی ژنانی یەکیەتی دێموکراتی کوردستان


٢٤/١١/٢٠١٣
٣/٩/١٣٩٢