کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ سەبارەت بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ

19:50 - 23 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرال لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحکووم کردنی کردەوە دڕندانەکانی داعش، پشتیوانیی خۆی لە کۆبانێ دەربڕی.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنە:

لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هێرشێکی هەمەلایەنەی کردووەتە سەر شاری کوردنشینی کۆبانێ لە سووریە و دەستی بە کوژران و وێرانی کردووە. زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە ترسی کۆمەڵکۆژیی ئەو گرووپە، ماڵ ‌و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە یا ئاوارەی کێو و دەشت بوونە یا پەنایان بۆ وڵاتی تورکیە بردووە کە لەو وڵاتەدا لە دۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین یا لە شاری خۆیان ماونەتەوە و دەستیان داوەتە بەرخۆدان و خۆڕاگرییەکی مێژوویی و هەتا ئێستا نەیانهێشتووە کە ئەو شارە بکەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعش.

کۆنگرەی نەتەوەکانی فێدرالی ئێران سەرەڕای مەحکووم کردنی کردەوە دڕندانەکانی داعش، هەموو لایەک لە مەترسیی زۆربوونی گرووپە تیرۆریستیی و توندڕەوە ئیسلامییەکان(کە سووننە مەزهەبن و پێڕەوی هێڵی خومەینی شیعەن) ئاگادار دەکاتەوە و هەروەها پشتیوانیی خۆی لە کردەوە دژە هەڵاوەردنەکان و ئازادیخوازنەی هەموو نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆی لە کۆبانی رادەگەێنێت. لەو پێوەندییەدا داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکەین کە هەرچی زووتر بە هانا و یارمەتیی خەڵکی کۆبانێ بچن هەتا کارەساتێکی مرۆیی کە هەموومان بینیمان دووپات نەبێتەوە.

نابێت لە بێر بکەین کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ خۆی ژمارەی پێوانەیی ئیعدامەکانی نیسبەت بە هەژماری حەشیمەتەکەی لە جیهاندا تێپەڕ کردووە. سەرکوت و ئیعدامەکان لە کردەوەکانی داعش کەمتر نەبووە و نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە کە بە کەڵک وەرگرتن لە پیلانی نکۆڵی لە شوناس لە هەوڵی سڕینەوە و سەرکوتی سیاسی ــ فەرهەنگی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران درێژە بە دەسەڵاتی ناڕەوای خۆی دەدات و بە دەستێوەردانە زیادەخوازەکانی خۆی لە عێراق و سووریە و فەلەستین و پشیتوانی لە جەنایاتکارانی وەکوو بەشار ئەسەد لە راستیدا بەستێنێک بۆ پێکهاتنی گرووپی هاوشێوەی خۆی وەکوو داعش بووە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرال
١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ی زایینی
٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی