کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانیی مامۆستایانەوە

14:48 - 13 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی مامۆستایانەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی نیشتمان پەروەری كوردستان

رێكخراوی یونسكۆ، ساڵی ١٩٩٤ لە كۆبوونەوەی وەزیرانی پەروەردەی وڵاتانی ئەندام لە یونسكۆ، ڕۆژی ٥ی ئوكتۆبری وەكوو ڕۆژی جیهانی مامۆستایان دیاریكردووە، هەروەها ئەمساڵی بە خەرجكردن بۆ مامۆستایان، دەستمایەیە بۆ پاشەرۆژ ناودێر كردووە ، هەتا بەو بۆنەوە ئاستی چۆنایەتی فێركاری بەرزبێتەوە و كۆمەڵگا بایەخ و بەهای پێویست بە مامۆستایان بدات. ڕۆژی جیهانی مامۆستا لە حاڵێكدا بەرێوەدەچێت، كەلە ئێران و كوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، كەش و هەوای ناسالم و ئەمنییەتی دەسەڵات هەتا دێ زیاتر بە سەر پەروەردەدا زاڵ دەبێ. لە ئاكامی ئەم دۆخەدا گرفتەكانی ژیانی رۆژانەی مامۆستایان، نەبوونی ئەمنیەتی پێشەیی و گوشار و چاودێری ناڕەوا بۆ سەر كۆر وكۆبوونەوەكانی مامۆستایان لە پەرەسەندن دایە. دەستێوەردانی بێ‌جێی رێژیمی ئێران لەمەڕ دیاریكردنی خەت و نێشان بۆ كتێبە دەرسییەكان و قوتابخانە و ناوەندە فێركارییەكان و ناچاركردنی مامۆستایان بۆ وتنەوەی كتێب گەلێك بێ ناوەرۆك. رێژیمی ئێران لە كاتێكدا باسی پرسی بردنە سەرەوەی بوودجەی وەزارەتی پەروەردە دەكات، كە زیاتر لەسەدا ٩٥ی ئەم بوودجەیە سەرفی مووچەی پێرسونێلی وەزارەتەكەی دەبێ و لە ئاكامدا شتێك بە ناوی دەسمایە بۆ داهاتووی مامۆستایان نامێنێتەوە. بەو حاڵەش رادەی مووچەی پێرسونێلی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ڕادەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان یەك ناگرێتەوە. زۆەربەی مامۆستایان لە ژێر هێڵی هەژاری‌دا دەژین. هەر بویە مامۆستایانی كوردستان و ئێران ناچارن بۆ پەیدا كردنی بەژیوی ژیان لە پەنا وانەوتنەوە كاری دیكە بكەن. هەر بۆیە ئاستی خوێندن و خوێندنەوە لە قوتابخانە و ناوەندە فیركارییەكاندا رۆژ بە رۆژ لە نزمبوونەوە دایە.

مامۆستایانی بەڕێز

لە وڵاتانی دێموكراتیك و پێشكەوتوودا رەوتی پەروەردە وەك بەشێكی هەرە كاریگەری پرۆسەی فێركاری دێتە ئەژمار. هەروەها دەرەتانی هەلی چالاكی و كۆڕ و كۆبوونەوەی تایبەتی بە مامۆستایان رەخساوە، چونكە دەتوانێ گۆڕانكاری بنەڕەتی لە ناو كۆمەڵگا دا بخوڵقێنن. هەروەها جێگە و پێگەی مامۆستایان لە ئاست رووداو و پرسە هەستیارەكانی رۆژ بە رادەی كاریگەری ئەوان لە ئاڵوگۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و رادەی بەشداریان لە بزوتنەوە گشتیەكاندا گرێ دراوە. هەر بۆیە چالاكی كۆمەڵایەتی وڵاتانی دێموكراتیك بە مەبەستی گۆڕانكاری، پێشاندەری گەشەی فەرهەنگییە و لەگەڵ توێژی مامۆستا پێوەندی راستەوخۆی هەیە‌. سیستمە دیموكراتیكەكان پێیان وایە كە رێگەدان بە پێكهاتنی رێكخراوەی پێشەیی ‌مامۆستایان، دەرفەتی گەشەی كۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ و دەبێ زەمینەی بۆ خۆش بكردرێ هەتا بتوانن داخوازی و بۆچوونەكانیان بە گوێی كۆمەڵگا بگەیەنن.

بەڵام سیستمی پەروەردەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە روانگەی ئەمنییەتەوە بۆ مافی مەدەنی و رێكخراوەیی چینەكانی كۆمەڵگای ئێران و یەك لەوان مامۆستایان و قوتابیان دەروانێ و بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتی بانێك و چەند هەوایان دوو روویانە گرتووەتە بەر. بەرپرسانی رەدە باڵای بواری پەروەردە لە ئێران، دەیانەوێ بە ئاماژەی رواڵەتی بە مافی پێكهاتەی پێشەیی، هەوڵی چاوبەستنی ناوەند و چاودێرە جیهانییەكان بدەن و رووی راستەقینەی راستییەكان دابپۆشن. ئەگەرچی مەسەلەی مافی مەدەنی و پێكهاتەی پێشەیی لە كتێبە دەرسییەكانی ئێران دا بە كورتی ئاماژەیان پێكراوە، بەڵام لە روانگەی دەزگای پەروەردەی سیستمی ئیسلامی ئێرانەوە رێكخراوە و پێكهاتەی پێشەیی بە مەرجێك ئازادن و مافی چالاكیان هەیە كە پاشكۆی كردەوەكانی دەسەڵات بن و بە ئاشكراو بە چاوبەستراوی سیاسەتی ناشیانەی مودیرانی پەروەردە ستایش بكەن.

ئەزموون و رابردووی چەند ساڵەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستی دەیسەلمێنن كە مافەكانی مرۆڤ لە بواری فێركاری و پەروەردە چەندە بە ئاسانی پێشێل دەكرێن. بەڵام بەو حاڵەش چەرخی خەباتی رەوای مامۆستایان لە ئێران و كوردستان لەمەڕ وەدیهێنانی مافە سەرەتاییەكانیان لەگەڕ نەكەوتووە. هەر لەم ڕێبازەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی دەروەست و نیشتمانپەروەر، رووبەڕووی سزای قورسی سێدارە، زیندان، ئەشكەنجە، وەدەرنان، دوور خرانەوە و هتد بوونەتەوە. یەكیەتیی پێشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی رۆژی جیهانی مامۆستایان لە هەموو مامۆستایانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، داوا لە مامۆستایانی كوردستان دەكات كە هەر وەك جاران بە یەكیەتیی و یەكگرتوویی بۆ دابینكردنی ویست و داخوازییەكانیان دەنگ هەڵبڕن و لە ئاست كێشەی مامۆستایان و قوتابیان بێدەنگ مەبن.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
١٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی