کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی تەقینەوەی مین دوو وەرزێڕی کورد بریندار بوون

16:26 - 26 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: تەقینەوەی مینی چێندراو لە ناوچە سنووریەکانی قەسری شیرین دوو قوربانیی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارستانی قەسری شیرینی سەر بە کرماشان، بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە دوو وەرزێڕی کوردی خەڵکی گوندێکی قەسری شیرین لە کاتێکدا کە سەرقاڵی کار لە کێڵگەکانیاندا بوون، دوای تەقینەوەی مین و بریندار بوونیان بۆ نەخۆشخانەی ئیسلام ئاوا گواستراونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ١٢٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئامارە بڵاوکراوەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا، ٣ هەزار و ٢٥٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران (ئیلام، سنە، کرماشان و ئورمیە) گیانیان لە دەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ئەم ٥ ساڵە، جگە لە رێژەی بەرچاوی برینداربوان، ٨٠٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی (سنە، ئورمیە، کرماشان و ئیلام و خوزستان)هەیە.

بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لانیکەم ٣٨ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

هەروەها، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، ٣٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کە ٢٧ کەس بریندار و ٦ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.