کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توركیە ٩ ژنی ئێرانی بەتاوانی سیخوڕی بۆ سپای پاسدارن دەسبەسەر كرد

22:32 - 4 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەشاری ئیقدیری توركیە پۆلیسی ئەمنیەتی ئەو وڵاتە ٩ ژنی ئێرانی بەتاوانی سیخوڕی بۆ سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران دەسبەسەر كرد.
رۆژنامەی حریت بڵاوی كردەوە، ژمارەیەك ژنی ئێرانی كە بە پاسپۆرتی ساختەوە چووبوونە خاكی توركیە و كاری سیخوڕییان بۆ سپای پاسداران دەكرد دەسبەسەر كران.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، ئەو ٩ ژنە دانیان بەتاوانەكەیان ناوە و وتوویانە، سپای پاسداران پاسپۆرت و ناسنامەی ساختەی پێداوین و داوین لێكردوون كە خۆمان لە فەرماندە و لێپرسراوانی توركیە نزیك بكەینەوە.
ئەو ژنانە ئەوەشیان خستە روو، كە بە شێوەی كاتی لەگەڵ لێپرسراوانی ئورگانەكانی حكوومەتی توركیە ژیانمان پێك هێناوە و زانیاریی ئەمنیەتیمان لێ‌وەرگرتوون و بۆ سپای پاسدارانمان ناردووە.
ئەو ٩ ژنە دانیان بەوەشدا ناوە، کە بەردەوام لەگەڵ سپای پاسدارنی رێژیمی ئێران لەپێوەندیی دابوون و چەندین جاریش بۆ دانی زانیارییەكان چوونەتەوە ئێران.
ناوەندە ئەمنیەتییەكانی توركیە رایانگەیاندووە، لەماڵی دوو كەس لەو ژنانە بە ناوەكانی زەهرا و ئالوینا هێندێ‌بەڵگەی ئەمنیەتیان وەدست كەوتووە.
ماوەی ٩مانگ لەمەوبەریش حكوومەتی توركیە گرووپێكی ٢٤ كەسی ئێرانی كە خۆیان بە بازرگانی بەردە بەنرخەكان ناساندبوو، بەتاوانی سیخوڕی بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەسبەسەر كرد و لەكۆی گشتیی ئەو ٢٤ كەسە ١٠ كەسیان ژن بوون.