کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی هێزی سپای قودس لەلایەن بانکێکی چینییەوە دابین دەکرێت

14:10 - 28 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە رێگەی حیسابێکی بانکی ناوەندیی ئێران لە بانکێکی چینی، تێچووی پێویستی شیرکەتەکانی سەربە سپای قودس دابین دەکات.

هەواڵدەریی رۆیتێرز رۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بە پشت بەستن بە راپۆرتی نوێی ناوەندێکی زانیاریی رۆژئاواییەوە، هەواڵێکی سەبارەت بە کەڵک وەرگرتنی رێژیمی ئێران لە بانکێکی چینی بۆ گواستنەوەی پارە بۆ شیرکەتەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سپای قودس لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسداران بڵاو کردەوە.
ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە شیرکەتی شنژن لان هائو کە هێزی قودس خاوەنیەتی، یەکێک لە ئەو شیرکەتانەی جێگیر لە وڵاتی چینە کە لە رێگەی بانکی کونلون (Kunlun) کە کۆمپانیایەکە لە ژێر چاودێری شیرکەتی نەوتی وڵاتی چین، پارە لە رێژیمی ئێران وەردەگرێت.

لە راپۆرتی ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییەی رۆژئاوا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، لەم پێوەندییەدا و سەبارەت بە چۆنییەتیی هەناردنی پارە هاتووە کە کاتێک کە پارە لە بانکی کونلون و ناوەندەکانی دیکەوە دەگوازرێتەوە، هێزی قودس دەتوانێ لەو پارەیە بۆ کڕینی کەرەستە و پێداویستیەکانی خۆی لە چین و دابینکردنی بەشی ماڵی و هەوڵە نایاسایی و شاراوەکانی لە وڵاتانی‌تر، کەڵک وەرگرێ.
دەوڵەتی ئامریکا لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینیدا، هێزی قودسی خستە لیستی پشتیوانانی تێرۆرەوە و دواتر یەکیەتیی ئورووپاش لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی هێزی قودسی گەمارۆی ئابووری داوە.

هەناردن و گواستنەوەی پارە بۆ شیرکەتەکانی سەر بە سپای قودس، بە هۆی ئەوەیکە ئەم هێزەی سەر بە سپای پاسداران، لەلایەن ئامریکاوە وەک هێزێکی تێرۆریستی ناسراوە و لەلایەن یەکیەتی ئورووپاشەوە گەمارۆی ئابووری بە دژی پەسند کراوە، پێشێلکاریی گەمارۆی جیهانی بە ئەژمار دێت.

لەو پێوەندییەدا و لە بواری پێشێلکاریی گەمارۆی ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی، ئیدارەی بەدواداچوونی تاوانی گۆمرۆکی ئاڵمان، هەواڵێکی سەبارەت بە کڕینی تکنیک و کەرەستەی ئەتۆمی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەو وڵاتە، بڵاو کردەوە.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو رۆژ بەر لە دەستپێکی دەیەمین و دوایین خولی دانووستانەکانی ناوکیی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران لە ڤییەن، رۆژنامەی تاگس ئێشپیگل‌ ئێم زونتاک نووسیی کە رێژیمی ئێران تکنیکی ئەتۆمی لە وڵاتی ئاڵمان دەکڕێت و رایگەیاند کە ئەو ئامراز و تکنیکانە بە شێوەی دوو لایەنە بۆ دوو بواری ناوکی – نیزامی بەکار دەهێنرێن.
ئەم هەواڵە لە حاڵێکدا بڵاو کرایەوە کە خولی کۆتایی وتووێژەکانی ناوکیی، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤییەن دەستی پێکردوە و لابردنی هەمووی گەمارۆ ئابوورییەکان یەکێک لە داواکارییەکانی رێژیمی ئێرانە کە کارناسان قەبووڵی ئەو داواکارییە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە دوور دەزانن.