کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی هێزەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد، بریندار بوونی دەستوپێوەندییەکی رێژیمی لێکەوتەوە

19:02 - 20 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش راوەدوونانی دوو هاووڵاتیی کورد، لەگەڵ دانیشتوانی گوندی گوڵچییەری شاری مەریوان تێکهەڵچوون کە بەهۆی ئەو تێهەڵچوونە یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامی بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی زۆرەملی و راووڕووتی هاووڵاتییانی کورد لە جاددەی مەریوان بۆسەیان ناوەتەوە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ماشێنی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی گوڵ‌چییەر لەلایەن ئەو هێزانەی رێژیمە پەیجۆر کراون.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، شووناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە پەیجۆر کراون، عەبدوڵڵا و عەلی، راگەیاندووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا وتی کە هێزەکانی رێژیمی ئێران هەتا گوندی گوڵچییەر ئەو دوو هاووڵاتییەیان پەیجۆر کردووە و لەگەڵ دانیشتوانی ئەم گوندە تێکهەڵچوونە.

دەوترێت کە بە هۆی تێکهەڵچوونی هێزەکانی رێژیم لەگەڵ دانیشتوانی گوندی گوڵچییەر، یەکێک لە دەست وپێوەندییەکانی خۆجێی چەکدار لەگەڵ هێزەکانی رێژیم بە ناوی سەرکەوت بە چەکی تاپڕ تەقەی لێکراوە و بریندار بووە.

لەو پێوەندییەدا حەوتووی رابردووش هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە جاددەی مەریوان ــ سەقز بە مەبەستی ئەستاندنی پارەی زۆرەملی رێگەیان لە ماشێنی هاووڵاتییانی کورد گرتبوو.

راوەدوونانی هێزەکانی رێژیمی ئێران بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە هاووڵاتییانی کورد، بووەتە هۆی ئەوە کە ماشێنی هاووڵاتییەکی کورد وەرگەڕێت و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە سەرەڕای ئەوەیکە بە توندی بریندار بووە زیانێکی ماڵی زۆریشی وەبەر کەوتووە.

لەو پێوەندییەدا و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی رێژیمی ئێران لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان پارەی زۆرەملی لە هاووڵاتییان دەستێنن و لەو پێوەندییەدا هیچ ناوەندێک وڵامدەر نییە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی بەڵگەمەندی لە پێوەندی لەگەڵ وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.