کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی مین هاووڵاتییەكی نەغەدەیی كردە قوربانیی

16:06 - 13 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی شاری نەغەدە بە هۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لاقێكی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ١٢ی بانەمەڕفاخیر خەڵكی شاری نەغەدە لەناوچەی بادگیر لەخاڵی سنووریی پیرانشار و هەرێمی كوردستان كەتۆتە سەر مین و لاقێكی لەدەست داوە.
ئەو هاووڵاتییە شۆفێری ماشێنی جۆری تریلی بووە و بەهۆی قەرەباڵغی جادەكان و كێشەی فەننی، ماشێنەكەی لە نزیك حاجی عومەران بەجێ هێشتووە و ویستوویەتی بە ناوچە سنوورییەكاندا بچێتەوە پیرانشار.
فاخیر هاوكات دوو كەسی دیكەشی لەگەڵ بووە و لەئەنجامدا لە شوێنێك بەناوی بادگیر تووشی ئەو رووداوە بووە.
ئەو هاووڵاتییە نەغەدەییە هەنووكە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری هەولێر لەهەرێمی كوردستانە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی رەحیم كەریمی خەڵكی ئاوایی بەردەرەشەی مەریوان بە هۆی كەوتنە سەر مین بە توندی بریندار و لەئەنجامدا لاقێكی لەدەست دابوو.
دوای تەواو بوونی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بەسەر شەڕی نێوان عێراق و رێژیمی ئێراندا هێشتا دوژمنێكی شاراوە بەناوی مین مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەكانی ورمێ‌، ئیلام، كرماشان و كوردستان.
ئەو چوار پارێزگایە زیاترین رووداوی مین تێیاندا روو دەدات و زۆربەی قوربانییانی مین لە گوندەكان رووی داوە كە بەدوای بژیوی ژیان كەوتوون و زۆربەشیان غەیرە نیزامی و بەتایبەت منداڵان، شوان و كرێكار و وەرزێڕان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەكان كە پاشماوەی شەڕی رێژیمی ئێران ــ عێراقن.
بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ورمێ‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە.