کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەڵاق و هۆکارەکانی لە ئێران و کوردستانی ئێراندا

14:43 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: خێزان وەک رەچەڵەکی کۆمەڵگە و شوێنی بارهێنانی کەسێتی و تێگەییشتنی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکاندا دەتوانێ لەسەر گشتایەتیی کۆمەڵ و تاک شوێندانەر بێ، لێک جیابوونەوە و پێکهێنانی خێزان وەک توخمی سەرەکیی ئەم بنکە کۆمەڵایەتییە جێی بایەخدان و شیاوی بەدواداچوونە بۆ تێگەییشتنی راستەقینە لە دۆخ و بڕگە زەمەنییەکاندا کە بە پێواندنی زانیاری و رێژەی دیاریکراو، ئەم تێگەییشتنە دەوڵەمەندتر دەبێت.

پێناسەی تەڵاق

تەڵاق لە بواری وشەوە بە مانای رەها بوون، ئازاد بوونە بەڵام لە ئەسڵدا کۆتایی هێنان بە پەیوندیی هاوسەرگیرییە و ژن و مێرد لە پرۆسەیەکی یاساییدا لێک جیا دەبنەوە.

هەر كۆمەڵگایەك بەدۆخی وەرچەرخاندا تێپەڕێ، چڕنووكی بێسەروبەرەیی ئیداری و ئابووری تەواو سەروسیمای هەڵپاچێ، بێگومان بە كە دووچاری زۆرێك لە ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان دەبێتەوە، پەرەسەندنی دیاردە قێزەونەكان دەبنە هۆی لەناوچوونی بەشێكی زۆر لەسەرمایە ماددی و مەعنەوی و مرۆییەكان لە كۆمەڵگادا.

تەڵاق كە ئەنتی پرۆسەی هاوسەرگیرییە و هێمایە بۆ روخان، كۆڵەكەی پتەوی خێزان دەڕووخێنێ، لێك ترازان لەشوێنی یەكگرتن دادەنێ، كاریگەریی نێگەتیڤ بەسەر تاكەكانەوە جێدێڵێ، پەرتەوازەبوونی ژن و مێرد ماكی كوشندەی لێدەكەوێتەوە، پێشبینی خۆكوژی لێدەكرێ، لادانی منداڵانی بەدواوە دەبێت، رەنگە لەش‌فرۆشی یان لەش‌كڕینی بە دوادابێت یا لەوانەیە گەدایی سەرشەقام و نێو كۆڵانە بێ بەزەییەكان لەگەڵ خۆیدا بێنێ، پێدەچێت و زەمینە خۆشە كە یەكێ لەو هاوسەرانە (تەڵاقدراوەكان ) ببنە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەكان.

کارناسانی کۆمەڵناسی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، دەستێوەردانی دەرەکی، توند و تیژی، بەد گومانی بە هاوسەر، نەبوونی داهات، نەخۆشی و کێشەی رەوانی، هاوسەرگیری ئیجباری، بێکاری، کێشەی کولتووری و کێشەی سێکسی لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەڵاق دەزانن.

تەڵاق لە ئێراندا

لە ئێران ١٥٠ هەزار و ٣٢٤ تەڵاق لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی تۆمار کراوە واتا رۆژانە ٣٨١ هاوسەر لێک جیا بوونەتەوە کە هەڵاوسانی ئابووری یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی بووە.

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویش ١٥٨ هەزار و ٧٥٣ تەڵاق رووی داوە کە ئەویش هەر بەهۆی هەژاری و نەبوونی داهات و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بووە.

رێژەی تەڵاق لە ئێراندا بەپێی ژمارەی تەڵاق نیسبەت بە حەشیمەتەکەی لەگەڵ سێ وڵاتی ئەسڵی ئورووپای رۆژئاوا(اروپای غربی) یەکسانە، لە فەرانسە بەپێی حەشیمەتی ٦٦ میلیۆنی لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیدا ١٣٣ هەزار تەڵاق رووی داوە، لە ئاڵمان بە ٨٢ میلیۆن حەشیمەت نزیک بە ١٩٠ هەزار تەڵاق و لە ئینگلستان بە ٦٠ میلیۆن حەشیمەت ١٤٤ هەزار تەڵاق و لە ئێران بە ٧٧ میلیۆن کەس حەشیمەتەوە لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ١٥٠ هەزار تەڵاق رووی داوە.

لە مانگی پووشپەری ئەمساڵدا بەپێی هەواڵی پایگای هەواڵدەریی شیکاری جمهووریەت( پایگاە خبری تحلیلی جمهوریت) بە پێی ئاماری ساڵی پێشوو سێ لە سەر چواری تەڵاقەکان (لە سەدا ٧٠) ژنان داوای تەڵاقیان کردووە و تەنیا لە سەدا سێی تەڵاقەکاندا پیاوان خوازیاری تەڵاق بوون و لە سەدا ٢٦ی تەڵاقەکانیش بە رەزامەندی هەر دوو لایەن بووە.

لە ئێراندا زۆربەی تەڵاقەکان لە گرووپی تەمەنی ٢٥ هەتا ٣٠ ساڵدا روو دەدات، ئاماری بەرزبوونەوەی لە سەدا ٤ی تەڵاق لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە باس لەوە دەکات کە زۆربەی تەڵاقەکان لە نێو ژناندا بە رێژەی لە سەدا ١٤،٥ لە گرووپی تەمەنی ٢٧ هەتا ٢٩ ساڵ تۆمار کراوە و لە سەدا ١٦،٢ی تەڵاقەکانیش لە نێو پیاوان هەر لەو تەمەنەدا بووە.

لە راپۆرتێکدا لە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ بڵاو کرایەوە لە سەدا ٨٠ی تەڵاقەکان لە ئێراندا ژێر تەمەنی ٣٠ساڵە.

تەڵاق لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا


ئاماری تەڵاق لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتيش ئەو دۆخه‌يان بە سۆنامیی تەڵاق لە قەڵەم داوە.

لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە پارێزگاى سنه‌، نزیک بە ٢ هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، لەسەدا ١/٥ چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرپرسی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی پارێزگاى کوردستان رایگەیاندووە، لە هەر شەو و رۆژێکی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠ ژن و مێرد لە یەکتر جیابوونەتەوە، کە زۆرترین حاڵەتی تەڵاق لە نێو پیاواندا لە نێوان ٢٥ هەتا ٢٩ ساڵ تەمەن و ژنانیش لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵدا بووە.

هاوکات ماڵپەڕی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتیی وڵاتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، تەنیا لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢١٢ ژن و مێرد (١١٠٦ حاڵەتی تەڵاق) لە پارێزگاى کرماشان کۆتاییان بە ژیانی هاوبەشیان هێناوەو لێک جیا بوونەتەوەو، لە بەرامبەردا ٤ هەزار و ٨١٨ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە.
ساڵی رابردووش پارێزگاى کرماشان لەمەر ئامارى تەڵاق لە سەرووی ئوستانەکانی دیکەى وڵاتی ئێرانەوە بووە و تەنیا لە دەستپێکی مانگی خاکەلێوەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز، ٣ هەزار و ٦٣٩ حاڵەتی تەلاق لەو ئوستانەدا تۆمار کرابوو.

هەروەها بەپێی ئامارەکان، هەزار و ٣١٠ حاڵەتی تەڵاق لە ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیی پارێزگاى ئورمیەدا تۆمار کراوە و لە بەرامبەریشدا ٨ هەزار و ٦٧٠ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە رووی داوە.

لە پارێزگا ئیلام، کە کەمترین ئاماری حالەتی تەڵاقی تێدا تۆمار کراوە، ١٤٠ حاڵەت لە ماوەی سێ مانگی یەکەمدا بووە و لە بەرامبەریشدا دوو هەزار و ٨٥٨ کوڕ و کچ ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.

بەرپرسی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتیی وڵاتی ئێران رایگەیاندووە، بە شێوەی نێونجی لە هەر ساڵێکدا ١٥٠ هەزار حاڵەتی تەڵاق لە وڵاتی ئێراندا تۆمار دەکرێ، بەگوتەی ناوبراو ئەم رەوتە بەرزبوونەوەیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارەکان، زۆرترین حاڵەتەکانی لێك‌جیابوونەوەی ژن و مێرد لە وڵاتی ئێراندا، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشیاندا رووی داوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران کە جێگری بەشی پێشگیری ئیدارەی بێهزیستیی سنە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، یەک هزار و ٥٠٠ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای سنە روویداوە.

هەروەها، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە ئاماری هاوسەرگیری هاوکات لەگەڵ زۆر بوونی تەڵاق، کەم بووەتەوە.

ئاماری سەردانی بنەماڵەکان لە دادگاکانی بنەماڵەش نیشان دەدەن کە رۆژانە ١٧ تا ٢١ دۆسیەی پێوەندیدار بە تەڵاق لە سنە دەچنە دادگاکانی رێژیم.

ئاماری تەڵاق پێشتریش لەلایەن ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی سنەوە بلاوکرابووەوە کە باس لە روودانی زیاتر لە دوو هەزار تەڵاق لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵی کردبوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ئاماری تەڵاق لە پارێزگای ئورمیە رووی لە هەڵکشان بووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی رێژیمی ئێران، لە هەر ٦ حاڵەت هاوسەرگیری لە پارێزگای ئورمیە، یەک حاڵەت بە تەڵاق کۆتایی پێ دێت.

بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای کرماشان لە بەرانبەر هەر چوار حاڵەت هاوسەرگیری یەک حاڵەت تەڵاق تۆمار دەکرێت.

هەواڵدەری ئیسنا لە زاری وەزیری دادگوستەریی ئێران لە بوونی ١٤ میلیۆن دۆسیەی تەڵاق لە دادگاکانی ئێران هەواڵی بڵاو کردەوە.

لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٩ هەزار و ٤٤٧ حاڵەت هاوسەرگیری و ٣ هەزار و ٤٤٠ حاڵەت تەڵاق تۆمار کراوە.

ئاماری هاوسەرگیری لەم ماوەیەدا، بەپێی بە ساڵی رابردوو، لە سەدا ٣،٨ کەم و ئاماری تەڵاق لە سەدا ١٣،١ بەرز بووەتەوە.