کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەخت کردنەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان و ئامریکا لەسەر کاتکوژیی رێژیمی ئێران لە دانوستانە ناوکییەکان

14:08 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا جارێکی دیکە لە سەر پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی جەختیان کردەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی نیۆیۆرک تایمز، فرانک واڵتر ئێشتاین مایر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاندووە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبێ لە پێناو پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە چەکی ئەتۆمی بەرەوپێش بچێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئامریکاییەکەی خۆی جەختی لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ دانوستانە ناوکییەکان لەسەر کۆلەکە سەرەکیەکان دابنرێت و بە رێکەوتنێکی پتەو رێگە لە رێژیمی ئێران بۆ دەست پێڕاگەییشتن بە چەکی ئەتۆمی بگرێت.

وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئاڵمان و ئامریکا لەسەر ئەوەی کە رێژیمی ئێران لە رەوتی دانوستانەکان لەسەر پیتاندنی ئەتۆمی تا رادەی پێویست کاتی کڕیوە، کۆک بوون.

زۆربەی کارناسانی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا پێشتر رایانگەیاندبوو کە ئامانجی رێژیمی ئێران لە درێژکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان لەبەر ئەوەیە کە کاتی پێویست بۆ خۆی وەرگرێ.

هەر لەو پێوەندییەدا، نیگەرانی نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ناوکی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێران بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرە، بەرز بووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا ئەد رۆیس و بات مەک‌کیۆن، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رێککەوتنی ناوکی دەوڵەتی ئۆباما لەگەڵ رێژیمی ئێرانیان \'\'دووپات بوونەوەی رێککەوتنی هاوشێوەی کورەی باکوور\'\' وەسف کرد.

هەروەها مارک کرێک، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە ویلایەتی ئیلینۆ، لە بەیاننامەیەکدا نیسبەت بە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئامریکا دژکردەوەی نیشان دا و لە راگەیەندراوێکدا لە وڵامی دەوڵەتی ئامریکا سەبارەت بە ئەوەی کە پەسندکردنی رێکەوتنی ناوکی پێویستیی بە کۆنگرەی ئامریکا نابێت، رایگەیاند کۆنگرەی ئامریکا لە رێکەوتنی ناوکی نێوان رێژیمی ئێران و ئامریکا پشتیوانی ناکات.

هەروەها لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا لەمەڕ راگەیەندراوی کۆشکی سپی سەبارەت بە وەرنەگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرەی ئامریکا بۆ رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران ئێلینا رۆز لتینن، ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ باراک ئۆباما رایگەیاند کە ئامانج لە گەمارۆ پەسەندکراوەکانی دژی رێژیمی ئێران تەنیا هێنانی ئەو رێژیمە بۆ سەر میزی دانوستانەکان نەبووە بەڵکوو دەست هەڵگرتنی تەواوی ئەو رێژیمە لە زێدەخوازییە ناوکییەکانی، راگرتنی پیتدانی ئۆرانیۆم و کەڵک وەرنەگرتن لە دامەزراوە ناوکییەکان بووە.