کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموكرات و كۆمەڵە لەسەر پەرەپێدانی گوتاری مقاومەت، كاری هاوبەش دەكەن

00:30 - 17 جۆزەردان 2716

كوردستان میدیا: لە سەردانی هەیئەتێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێراندا بۆ بنكەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات، پرسی پەرەپێدانی گوتاری مقاومەت لە كوردستانی ئێراندا كەوتە بەر باس و لێكدانەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥، هەیئەتێكی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزب، پێشوازیی لە هەیئەتێكی ڕێبەریی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە كرد.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز مستەفا هیجری بەخێرهاتنی هەیئەتی میوانی كرد. پاشان لە لایەن هەر دوو سكرتێرەوە لە سەر پرسە سیاسییەكانی ئێران و ناوچەكە و پرسی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان باسێكی تیرَوتەسەل كرا.

هەر لەو دانیشتنەدا، مەترسییەكانی سەر پرسی كورد لە ناوچەكە و بە تایبەتی پرسی كورد لە كوردستانی ئێراندا تاوتوێ كرا و خاڵە بەهێزەكان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خەبات لە كوردستانی ئێراندا باسیان لێوە كرا.

لە درێژەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری كوردستان میدیادا هاتووە كە هەیئەتی هەردوو لا لە سەر زۆربەی باس و لێدوانەكانی كۆبوونەوەكە وەك مەسەلەی داعش، بارودۆخی هەرێمی كوردستان، دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەكەدا هاوڕا بوون و هەر لە بەر ڕۆشنایی ئەو باسانەدا بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان و هەروەها پەرەپێدانی زیاتر لە جارانی خەبات لە كوردستانی ئێراندا، هێندێك پێشنیاری تازە بۆ بەشداربوانی كۆبوونەوەكە خرانە بەر باس بۆ ئەوەی كە پاش تاوتوێكردنی هەمەلایەنە، دواتر بتوانرێت بڕیاری لە سەر بدرێت.

هەروەها دوایین بەشی ئەو سەردان و دانیشتنە تایبەت بوو بە دەستنیشانكردنی چەند خاڵێكی دیاریكراو بۆ كاری هاوبەشی زیاتری دوولایەنە و هاوكاریی زیاتری هێزەكانی كوردستانی ئێران بۆ ئەوەی كە گوتاری مقاومەت لە كوردستانی ئێراندا پەرەی پێ بدرێت و ئەو دەنگە ناسازانەی كە گوتاری ناهومێدی بەرهەم دەهێنن، بە خۆیاندا بچنەوە و هەر وەك ڕابردوو كە كوردستانی ئێران مەكۆی ئازادیخوازیی سەرانسەری ئێران بووە، تا گەیشتن بە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستانی ئێران هەروەها بمێنێتەوە.

15192.jpg

15193.jpg

15194.jpg

15195.JPG