کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەقدەستی ٦٠ کرێکاری کارخانەی شەهدابی ئورمیە نەدراوە

20:48 - 21 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ماوەی زیاتر لە ٥ مانگە ٦٠ کرێکاری کارخانەی شەهدابی ئورمیە حەقدەستیان وەرنەگرتووە و ئەگەری داخران و هەروەها بێکاریی ئەو کرێکارەکانی لە ئارا دایە.


کرێکارێکی کارخانەی \'\'شەهداب\'\' کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، بە \'\'ئیلنا\'\'ی راگەیاند: کرێکارانی ئەو کارخانەیە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە حەقدەستیان وەرنەگرتووە.
ئەو کرێکارە وتوویەتی: ٦٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە ٥ مانگە بەهۆی رادەست کردنی پشکی کارخانەکە بە کەرتی تایبەت حەقدەستیان نەدراوە و هەروەها رێژەی کرێکاران لە ١٤٠ کرێکارەوە بۆ ٦٠ کرێکار کەمی کردووە.
وتیشی: نەدانی پارە و حەقدەستی کرێکاران بەستێن بۆ دەرکرانی باقی کرێکاران دابین دەکات و ئەمە رەوتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە.
ئەو کرێکارە راشیگەیاندووە: بە سەرنجدان بەو زەوییانەی کە بینای کارخانەی شەهدابیان تێدا هەڵکەوتووە و زاڵ بوونیان بەسەر شاری ئورمیەدا، وێدەچێ ئەو زەوییانە بۆ سازکردنی بینای نوێی بازرگانی تەرخان کرابن کە داخرانی کارخانە و لە ئەنجامیشدا بێکاریی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە.
کرێکارانی ئەو کارخانەیە، بەهۆی ترسی لە دەست دانی کارەکانیان توانای دەربڕینی ناڕەزایەتییان نییە.
کارخانەی شەهدابی ئورمیە لە بواری بەرهەمهێنانی ئاوی مێوەجاتەوە چالاکی دەکات.