کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەی قەرەسەقەڵ لە کاناڵی تەلەفزیۆنی یۆرۆنیوز چەواشە دەکرێت

18:03 - 1 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە قارەمانەتی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شەڕی قەرەسەقەڵی شنۆ دەنگدانەوەی لە میدیا جیهانی و ناوچەیی و کوردستانییەکاندا هەبوو، کاناڵی یۆرۆنیوز بەپێچەوانەی ئەخلاق و دیسیپلینەکانی ڕاگەیاندن، سەرقاڵی چەواشەکاری سەبارەت بەم ڕووداوەن.

ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردان ماڵپەڕی فەرمیی تەلەفزیۆنی یۆرۆنیوز بە دانانی وێنەی نوێترین شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە شەڕی شنۆ، قسەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی لەپێوەندی لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تێرۆریستی و دانانەوەی بۆمب زەق کردۆتەوە و بەبێ ئاماژەکردن بە جەوهەری ڕاستەقینەی شەڕەکە، بەشێوەیەک کە لایەنگری لە کۆماری ئیسلامیی پێوە دیارە، باسی لە شەڕی قەرەسەقەڵ کردووە.

لەم هەواڵە پڕ لە چەواشەکارییەدا، کە لەسەر بنەمای قسە بێ‌نێوەڕۆکەکانی عەلی شەمخانی سەرۆکی شوورای بەرزی ئەمنیەتی نەتەوەیی ڕێژیم و بە شێوەیەکی زۆر ئاماتۆرانە و بێ وەرگرتنی زانیاریی لە لایەنی دووهەم داڕێژراوە، جەولەی پێشمەرگەکانی حیزب بە پیلانی تێرۆریستی شوبهێندراوە کە گوایە لە لایەن گرووپە تەکفیری و وەهابییەکانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.

ئەوەیکە ڕوونە ئەم شێوازە لە کاری ڕاگەیاندن بۆ کاناڵێکی بەناوبانگی وەک یۆرۆنیوز نەشیاوە و دوورە لە سیاسەتی کاری وەها کاناڵێک، بۆیە تەنیا گریمانەیەک کە دێتە ئاراوە، بەکرێگیراوبوونی داڕێژەری ئەم هەواڵە لە بەشی فارسیی ماڵپەڕی ئاماژەپێکراوە کە هەوڵ بۆ شێواندن و بەلاڕێدا بردنی ڕاستییەکان دەدات.