کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەی پێشمەرگەکانی دێموکرات گەورەبەرپرسانی ڕێژیمی خستۆتە لەرزە

16:53 - 7 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: پاش حەماسەخوڵقێنییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شارەکانی شنۆ و سەوڵاوا، گەورەبەرپرسانی سەربازیی ڕێژیمی تاران تەنگیان پێ هەڵچنرا و هاتنە دەنگ و کەوتنە هەڕەشە کردن.

دوێنێ یەکشەممە ٦ی پوشپەڕ، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، محەممەد پاکپوور هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم کردووە و گووتوویەتی بنکە و بارەگاکانی ئەم لایەنانە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکەینە ئامانجی تۆپخانەکانمان.

لە نوێترین هەواڵەکانیشدا، هەواڵدەریی ئیرنای کۆماری ئیسلامی لە زاری پاسدار محەممەد نەزەر عەزیمی فەرماندەی قەرارگای نەجەفی سپاوە بڵاوی کردەوە کە بە هەموو توانامانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەکان لە ڕۆژئاوای ئێران واتە کوردستان دەبینەوە.

ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە لەدوای ئەوە دێنە ئاراوە کە دوێنێ تۆپخانەکانی ڕێژیم ناوچە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دایە بەر ئاگری تۆپخانەکانیان و بەهۆیەوە چەند هاووڵاتی سڤیلی کوردستانی باشوور بریندار بوون.

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا دەیان ئەندامی سپای پاسداران پاش پەلاماردانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکانی شنۆ و سەوڵاوا، بەکوشت چوون.

بەپێی هەندێک زانیاری تەنیا لە شەڕی ٢ ڕۆژی ڕابردووی کۆساڵاندا زیاتر لە ٧٠ چەکداری سەر بە ڕێژیم بوونەتە قوربانیی سیاسەتە چەپەڵەکانی ڕێژیم کە کەلاکی ٨ کەسیان لەبەردەست پێشمەرگەکانی حیزبدایە و باقی کوژراوەکانیش لە ساردخانەی شارەکانی سەوڵاوا، مەریوان و سنە ڕاگیراون.

هەر لەم پێوەندییەشدا لە ماوەی ٢ حەوتووی ڕابردوودا ڕێژیم هێزێکی زۆری خزاندۆتە نێو شارەکانی کوردستان و بە تەواوەتی میلیتاریزەی کردوون و تەنانەت هێزێکی گەورەی ڕێژیمی ئێران بە چەکی قورسی تۆپ و کاتیوشاوە لە سنورەکانی نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات جێگیر کراون.