کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خوێندکارانی پەیمانگای کۆیە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ئورمیە

20:05 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: سمینارێک لە پەیوەندی لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە پەیمانگای تێکنیکیی کۆیە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ خوێندکارانی بەشی یاسا لە پەیمانگای تێکنیکیی شاری کۆیە لە کوردستانی باشوور بۆ رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و دژایەتی کردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و هەروەها پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، بە دەستپێشخەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکیان بەڕیوەبرد.

سەرەتای سمینارەکە بە باتێک سەبارەت بە گرینگیی مافی نەتەوایەتی بۆ نەتەوە ئازدیخوازەکانی جیهان و نەتەوەی کورد بە تایبەتی، لەلایەن حیسام ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەریی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کرا و دواتر خوێندکارانی بەشی یاسا بە پرسیار و تێبینییەکانیان سمینارەکەیان پڕ ناوەرۆکتر کرد.

پاشان سەرجەم خوێندکارانی ئەو بەشە و بەشی کارگێڕی کار بە شێوەیەکی هێمنانە و بە هەڵگرتنی دروشمی تایبەت بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و داکۆکی کردن لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئورمیە، رێپێوانیان کرد و بەو کارەیان رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە کردەوە دژە مرۆییەکانی شەرمەزار کرد.