کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان دژی رێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیم لە کابول

14:39 - 11 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بارودۆخی نالەباری کۆچبەرە ئەفغانییەکان لە ئێران، هاووڵاتییانی ئەفغانی لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لە کابول کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بڕێک لە چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتییانی ئەفغانی لە راگەیاندنی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دۆخی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران و هەڵسوکەوتی نەشیاوی رێژیمی ئێران لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانی لە بەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لە کابول کۆبوونەوە.

خۆپیشاندەرانی ئەفغانی لە ماوەی ئەم خۆپیشاندانەدا، بە وتنەوەی دروشمگەلێک وەک هەڵاواردن راگرن و نرخ بۆ کەڕامەتی مرۆڤ دابنێین کردەوەکانی رێژیمی ئێران و بەرپرسان و بەڕێوبەرانی ئەو رێژیمەیان لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانی بە توندی مەحکووم کرد و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران بوون.

چالاکانی مەدەنی لە خۆپیشاندانی بەردەم بالوێزخانەی رێژیمی ئێران، بریارنامەیەکیان لە مەحکووم کردنی کردەوە نەشیاوەکانی رێژیم لەگەڵ گۆچبەرانی ئەفغانی، پێشکەش کرد.

لەم بڕیارنامەیەدا بە چەند حاڵەتی هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەفغانی لە ئێران وەک فیلمی مەئموورێکی رێژیمی ئێران کە سووکایەتی بە کۆچبەرانی ئەفغانی دەکات لێدان و سزای چوار خوێندەواری ئەفغانی لە قوتابخانەیەکی شاری وەرامین قەدەغە بوونی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ٩ پارێزگای ئێران و سێ قات بوونەوەی شەهرییەی خوێندەوارانی ئەفغانی لە قوتابخانەکانی ئێران ئاماژە کراوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، ئازار و ئەشکەنجە و سووکایەتی کردن بە کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران لەم دواییانەدا بەرز بووتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی دەربڕینی نارەزایەتی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤی ئەفغانی لە رێژیمی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا.

بەپێی ئامارەکان، ئێستا زیاتر لە ٣ میلیۆن هاووڵاتیی ئەفغانی دانیشتوی ئێرانن و راپۆرتە بڵاو کراوەکان باس لە بارودۆخی نالەباری ئەم کۆچبەرانە لە ئێران دەکات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاویدا، خۆپیشاندەرانی ئەفغانی بۆ دەربڕینی نارەزایەتی لە دەستێوەردانی رێژیمی ئێران لە کاروباریئەو وڵاتە لە بەردەم باڵوێزخانەی تاران لە کابول، ئاڵای ئێرانیان ئاگر تێبەردا و ناڕەزایەتی خۆیان نیسبەت بە ئیعدامی هاووڵاتییانی ئەفغانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئێران مەحکووم کرد.

لە داواکارییەکانی دیکەی خۆپیشاندەرانی ئەفغانی، راگرتنی هەناردنی هاووڵاتییانی ئەفغانی دانیشتووی ئێران بۆ سووریە لەلایەن رێژیمی ئێران راگەیاندراوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، رێژیمی ئێران لە ژێر ناوی بەرگری لە حەرەمی زێنەب و بە مەبەستی پشتیوانی و پاڵپشتی لە رێژیمی بەشار ئەسەد، راهێنانی نیزامی بە هاووڵاتییانی ئەفغانی دەکات و ئەوان بۆ سووریە دەنێرێت.