کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شاری ئالبۆرگ بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ

20:07 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتگیریی کۆبانێ خۆپیشاندانێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردان لە شاری ئالبۆرگی باکووری دانمارک ڕێخرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، روژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری ئالبۆرگ خۆپیشاندانێکی بە مەبەستی پشتگیریی لە کۆبانێ کە ئێستا لەگەڵ هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش بە بێ‌پشت وپەنا لە ناوچە بەرەوڕوویە بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندانەکە لە کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان پێکهاتبوو کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٠٠ کەس و هەروەها ژمارەیەکیش لە خەڵکی دانمارک لە کاتژمێر١١ ی پێش نیوەڕۆ لە شەقامی گەشتیاریی شاری ئالبۆرگ بە ڕێپێوان و دروشمی جۆراوجۆر هاوسوزی خۆیان لەگەڵ شاری کۆبانێ، شنگال و باقی ناوچەکانی کوردستان کە کەوتوونەتە بەر هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش ، بەرەو سەنتەری شار و گۆڕەپانی کنێدی ، و ویستگەی قەتار ، پاس و تاکسی درێژەی کێشا.

لەو مەودایەدا خەڵکی شاری ئالبۆرگ و میدیاکانی ئەو شارە سرنجیان دایە خۆپێشاندانەکە و تەنانەت لە هیندێک شەقام خەڵکی بە نیشانەی پشتگیری دەستیان هەڵدەهێنا و وێنە و فیلمیان لە خۆپێشاندەنەکە دەگرت.

کاتژمێر١٢ و٣٠ خولەک بە خوێندنەوەی چەند پەیام کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات کە بەم چەشنەیە:

پەیامی یەکیەتیی لیستەکانی دانمارک (کۆمۆنیستەکان) حیزبی بەشدار لە پارلەمان و سەربە بلۆکی سووری دەسەڵات لە دانمارک
پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کورد و کوردستانییەکان کە پێکهاتووە لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
پارتی دێموکراتی کوردستان
خەباتی شۆڕشگێری کوردستان
پەیامی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی(پ ی د )
پەیامی ماڵی کورد
هەروەها چەند شێعر و وتاری تاکە کەسیش بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی لە گەلی کۆبانێ خوێندرانەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە زۆربەی ئەو حیزبانەی کە کۆمیتەیان لەو ناوچەیە هەبوو بەشداریان لە خۆپیشاندانە دا کردبوو لەوان ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەشێوەیەکی بەرین و چالاک بەشدارییان کردبوو.