کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی دەورەیی مافی مرۆڤ/ راوەستاندنی هاوسەرگیریی ئیجباری و زوو بە شوودانی کچان بە رێژیمی ئێران پێشنیار کرا

20:41 - 12 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دۆسیەی مافی مرۆڤی رێژیمی ئێران رۆژی هەینی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە دانیشتنی دەورەیی شوورای مافی مرۆڤی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەشاری ژنێڤ خرایە بەرباس و کۆمەڵێک پێشنیار خرایە بەردەمی نوێنەرانی رێژیمی ئێران.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی ژنان لە دانیشتنی شوورای مافی مرۆڤی رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ کە تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤی ئێران بەڕێوەچوو، زۆرترین کاتی بۆ تەرخان کرابوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە دووهەمین کۆبوونەوەی تاوتوێ کردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤ، ٥٠ داواکاریی کۆمەڵگای جیهانی لە چوارچێوەی لابردنی هەڵاواردنی ژنان، کچان و کەمینە رەگەزیەکان پێشنیار کرابوو.

ژیانی هاوبەشی ئیجباری و زوو بە شوودانی کچان لە ئێران لەو حاڵەتانە بوون کە نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار بوو لەم دانیشتنەدا خستییان بەر باس و بە توندی رەخنەیان لێگرت.

وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا، ئیسرائیل، ئێسلۆوێنی، سیرالیۆن، لە‌هستان، کۆریای باشوور و موونتەنێگرۆ پێشنیاری خۆیان لە بواری لابردن و هەڵوەشانەوەی ژیانی هاوبەشی زۆرە ملی و زوو بە شوودانی کچان لەم دانیشتنەدا بۆ رێژیمی ئێران راگەیاند.

بە فەرمی ناسینی مافی پێکهێنانی ژیان، بردنە سەرەوەی تەمەنی پێکهێنانی ژیان هاوبەش بۆ ١٨ ساڵ، کۆتایی‌پێهێنانی بە‌شوودانی منداڵان و رێفۆرمی یاسای پەیوەندییدار بە پێکهێنانی ژیان و زوو شوودانی کچان، گۆڕینی یاسای پێکهێنانی ژیانی کچانی ژێر ١٣ ساڵ و قەدەغە کردنی پێکهێنانی ژیانی سەرپەرەستی ماڵ لەگەڵ زڕ منداڵەکانیان، ئەو حاڵەتانە بوون کە بۆ ئاڵ و گۆڕ یان هەڵوەشانەوەیان لەلایەن ئەو وڵاتانە بە رێژیمی ئێران پێشنیار کراون.

پاش پێشنیاری وڵاتانی بەشدار بوو لەم دانیشتنەدا لە دۆخی ژنان بە تایبەت ژیانی هاوبەشی ئیجباری و زوو بە شوودانی کچان، محەممەد لاریجانی، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی قووەی قەزایی رێژیمی ئێران رایگەیاند کە لە ئێران ژیانی هاوبەش، بە ئیجباری پێک نایەت و بۆ ئاگاداریی هەموان لە ئێران کچەکان درەنگ شوو دەکەن.

هەروەها لە درێژەدا هەنێردراوی رێژیمی ئێران بێهروخ رۆحانی ئەردەشیری، پێشنیارەکانی رەت کردەوە و وتی: پێکهێنانی ژیانی ئیجباری لە ئێران قەدەغەیە و لە یاسای بنەڕەتی‌دا سزای زیندانی بۆ دیاری کراوە.

رەت کردەنەوەی پێشنیارەکانی ئەم دانیشتنە لەلایەن هەنێردراوانی رێژیمی ئێران لە حاڵیکدایە کە ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی کچانی ژێر ١٥ ساڵ لە ئێران لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٥ هەتا ٩٢ هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.