کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دربڕینی نیگەرانیی فەرانسە سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران

13:14 - 24 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە تێپەڕبوونی کات، نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران زیاتر بووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، بە بەرزبوونەوەی نێگەرانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران و پێشکەوتنی ئەو بەرنامەیە نیگەرانیی دەوڵەتی فەرانسە سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.

دیپلۆماتە فەرانسەییەکان رایانگەیاند کە دەوڵەتی فەرانسە لە خستنەگەڕی ریاکتۆری ئاوی قورسی ئەراک و بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، نیگەرانی خۆی دەربڕیو و داوای گرتنە بەری هەڵوێستێکی یەکلایی کەرەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران بوون.

زەخت خستنەسەر رێژیمی ئێران بۆ سەردانی لەناکاوی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و هەروەها راگرتنی چالاکییە ناوکییەکان و پەرەپێنەدان بە سانتریفیوژەکانی دامەزراوە ناوکییەکان لە داواکارییەکانی دیکەی دەوڵەتی فەرانسە لە هەمبەر بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێراندا بووە.

لەو پەیوەندییەدا تێد کروز سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە وتەکانی خۆیدا لە دامەزراوەی هێریتیج درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانە ناوکییەکانی بە هەڵەیەکی روون ناودێر کردبوو و رایگەیاندبوو کە بۆ رێگری لە درێژەی چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران، سەپاندنی گەمارۆی ئابووری نوێ و چڕترکردنەوەی گەمارۆکانی پێشوو پێویستییەکی جیددییە .