کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە سنە/ ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ٣٥ کەس

13:13 - 18 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شاری سنە کە لانیکەم ٣٥ کەس دەبن بۆ زیندانی ناوەندیی سـنە راگوێزران.


کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە راپۆرتێکدا بڵاو کردەوە پشتیوان حوسێنی کە بە مەبەستی بەدواداچوونی پەروەندەی باوکی خالید حوسێنی چالاکی کرێکاری کورد سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەی کردبوو، دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردەیان کە وێڕای بنەماڵەی دەستبەسەرکراوی‌تر بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری لە دۆخی باوکی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردبوو، دەستبەسەر کردوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەنووکە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم داوییانەی شاری سنە کە دوا نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەی ١٣٩٣ی هەتاوی بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانی بەڕێوەچوو لە ٣٥ کەس زیاترە.

شوناسی هەندێک لەو دەستبەسەرکراوانە سۆهراب جەلالی، جەهانبەخش وەکیلی، خالید حوسێنی، نعمەت نعمەتی، فەرید لەتیفی، شەهلا نادر وەیسی، ئەکبەر گولابی، مەسعوود زەمانی، شەهرام بەخشەندە، یەدووڵڵا سەمەدی، عومەر شەعبانی، چیا رۆستەمی و پشتیوان حوسێنی راگەیەندراوە.

ئەو کەسانە دوای لێپێچینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە راگوێزراون.

سەرەڕای دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان، ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سنە لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا دەیان هاووڵاتیی بانگهێشت کردوە.

لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی شەپۆلی یەکەمی رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان کە زۆربەی شارەکانی کوردستان کە لە ئورمیە هەتا ئیلامی گرتەوە هێزەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ هاووڵاتییان تووشی تێكهەڵچوون بوون و ئەو جووڵە مەدەنییە بە توندوتیژی کێشرا.

بە گوێرەی ئامارێک کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو بووەتەوە، لانیکە ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد لە رەوتی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکان کە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو دەستبەسەر کراون و دەیان کەسی دیکەش بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.